عەلوانی: رەتیكردەوە كە زێدەڕۆیی بەرامبەر بە شیعەكان كردبێت و تۆمەتباركردنیشی بە فیتنە چییەتی ناو برد

عێراق – تایبەت بە / kdp.info ئەحمەد عەلوانی ئەندامی فراكسیۆنی عێراقییە رەتیكردەوە كە زێدەڕۆیی بەرامبەر بە شیعەكانی عێراق كردبێت گوتیشی: پێویستە ئەم لایەنانە بدرێنە دادگا كە تۆمەتباریان كردووە، ئەحمەد عەلوانی لە لێدوانێكی بۆ سۆمەرییە نیوز گوتیی: ئەو داوایەی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا بە سڕینەوەی ئەندامیەتی من لە ئەنجوومەنی نوێنەران دوورە لەراستی و هیچ بەهایەكی نییە. عەلوانی هەروەها رایگەیاند: ئەم لێدوانەی كە بەناوی ئەوەوە بڵاوكراوەتەوە درۆیەكی زەقە، چونكە عەشیرەتەكەی ئەو تێكەڵی خەڵكی سونە و شیعەیە و ناكرێت قسەیەكی وا ناشرین بەخەڵكی خۆی بڵێت، ئەندامەکەی لیستی ئەلعراقییە گوتیشی: پێویستە حكوومەتی فیدراڵ ئەو لایەنەی كە ئەم قەسانەیان هەڵبەستووە دادگایی بكات. لە كۆتایدا عەلوانی راشیگەیاند: دەوڵەتی یاسا هەوڵی نانەوەی فیتنە و كێشەی تایفی دەدات، دوای ئەوەی لە رووی سیاسییەوە شكستی هێناوە.شایەنی باسە دوێنێدووشەممە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیار درا لیژنەیەكی لێپرسینەوە پێكبهێنرێت تا راستی لێدوانی ئەحمەد علوانی بخرێتەروو كە شیعەی بە بەگرێگیراو بەراز ناوبردبوو.




