یەمەن: هێزەکانی ئەمەریكا 6 چەكداری قاعیدەیان كوشت و 4ی دیكەشیان بریندار کرد

ئاژانسەکان– تایبەت بە / kdp.infoئەمڕۆ سێشەممە لە ئاكامی هێرشی فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی ئەمەریكا بۆ سەر چەند ناوچەیەكی یەمەن 6 چەكداری قاعیدە كوژران و 4ی دیكەش برینداربوون، سەرچاوەكانی هەواڵ لە یەمەن بڵاویان كردەوە لە ئەنجامی دوو هێرشی فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی ئەمەریكا بۆ سەر هەردوو پارێزگای بەیزا و حەزرەمووت شەش چەكداری قاعیدە كوژران و چوار دیكەش برینداربوون. دوێنیش لە ئاكامی هێرشی دوو فرۆكەی بێفرۆكەوانی ئەمەریكا بۆ سەر ئۆتۆمبێلێك لەیەمەن كە گومانی سەرنشینی چەكداری لێدەكرا، دوو كەس كوژران. بەرسانی ئەمنی یەمەن بە ئاژانسی رۆیتەرزیان راگەیاند: هێرشەكە لە باشووری یەمەن نزیك بە سنووری سعودیا بووە، لە دەرنجامدا دوو چەكداری توندڕۆ كوژران. شایەنی باسە ناوە ناوە فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی ئەمەریكا هێرشی ئاسمانی بۆ سەر چەند ناوچەیەكی یەمەن ئەنجام دەدەن، كە گومانی بوونی چەكداری ئیسلامی توندڕۆیان لێدەكرێت.




