باڵیۆزی ئەمەریكا هەڕەشەی ئاشكراكردنی دۆسیەی گەندەڵی بەرپرسانی حكوومەتی عێراق دەكات

بەغدا – تایبەت بە / kdp.infoسەرچاوەیەكی باڵای سیاسی بۆ تۆڕی هەواڵی عێراقی راگەیاند: باڵیۆزی ئەمەریكا لە بەغدا لە رێگای پەیوەندی تەلەفۆنییەوە، لە بەرامبەر تاكڕەوەیكردن لە دەسەڵات و بەلاوەنانی سەركردە سیاسییەكان، لە نوری مالكی سەرۆك وەزیران عێراق نیگەرانە، تۆڕی هەواڵی عێراقی ئەوەشی لەسەرچاوەكە گێراوەتەوە: كە ستیفن بێكرۆفت لە رێگای سكرتێرەكەیەوە بە نووسینگەی مالكی راگەیاندووە: كە واشنتۆن لەبەرامبەر بەردەوامبوونی مالكی لەسیاسەتی تاكرەوەی، بێ دەنگ نابێت و هەموو یارمەتییە سەربازی و ئابورییەكانیشی بۆ عێراق دەبڕێت، سەرچاوەكە راشیگەیاندووە: كە باڵیۆزی ئەمەریكا لە بەغدا هەڕەشەی ئەوەشی كردووە: كە ئەگەر سەرۆك وەزیرانی عێراق بە سیاسەتەكانی خۆی نەچێتەوە و بارودۆخەكە هێور نەكاتەوە، ئەوە ئەو كات چەندین دۆسیەی گەندەڵی بەرپرسانی نزیك لە خودی مالكییان لایە كە لەماوەی شەش ساڵی رابردوو كۆكراونەتەوە ئاشكرا دەكات، لە كۆتایی لێدوانەكەشیدا سەرچاوەكە راشیگەیاندووە: كە باڵیۆز ستیفن بیركرۆفت لەبارەی بارودۆخی ئێستای سیاسی عێراق زۆر نیگەرانە و پێیوایە تەنگەژەكان گەیشتۆتە بارودۆخێكی مەترسیدار.




