ئیبراهیم برۆ بۆ kdp.info: یەكێتی سیاسی هەنگاوێكە بۆ خزمەتی كوردو لە لایەن بارزانیشەوە پێشوازی لێكراوە

تایبەت بە kdp.info / ئیبراهیم برۆ كە ئەندامی لیژنەی سیاسی پارتی یەكێتی كوردییە لە سووریا، پشتیوانی خۆی دووباتكردەوە سەبارەت بە تێڕوانینی سیاسی لەبارەی راگەیاندنی دروستكردنی یەكێتییەكی سیاسی لە سوریا و رۆڵی ئەو یەكێتییە لە پاڵپشتیكردنی یەكڕیزی كورد لە سوریا، وای دادەنێت كە ئەوە رێگە خۆشكردنێكە بۆ قۆناغی گوازراوەو لە ئایندەشدا بۆ یەكێتییەكی پتەو، وەكو رووبەڕووبوونەوەیەكیش بۆ حاڵەتی دابەشبوونی پارتە كوردییەكانە لە ئێستادا.
بەرۆ دەڵێت: پێش چەند مانگێك لێژنەیەكی گفتوگۆ لەنێوان سێ حزبی كوردی هاتە كایەوە (پارتی دیموكراتی كورد لە سوریا، پارتی یەكێتی كورد لە سووریا، پارتی ئازادی كوردی لە سووریا) بۆ داڕشتنی پرۆژەیەكی سیاسی و رێكخستن بۆ بنیاتنانی یەكێـییەكی سیاسی وەكو قۆناغێكی هەنووكەیی و لە ئایندەشدا ببێتە بنەمایەك بۆ یەكێـیەكی پتەو، ئەوەش وەكو پەرچەكردارێك بۆ رووبەڕووبوونەوەی حاڵەتی دابەشبوون و كەرتبوونی بەردەوامی پارتە كوردییەكان، وەكو دەشبینین ئەو قۆناغە هەڵگری خواست و مافی گەورەو جدییە لە شۆڕشی ئێستای سوریاو پێگەی كوردیش لەو شۆڕشەدا، بێگومان ئەو هەنگاوەش لە خزمەت پرسی گەلی كوردە، هەروەها هەنگاوێكە بۆ یەكبوون و یەكڕیزی بیڕورای سیاسی بۆ چارەسەری ئەو پرسەو بنیاتنانی پارتی گەورەو رامیاری كە بتوانێ لەگەڵ ئەو پێشكەوتن و گۆڕانكاریانەدا رێبكات، بە تایبەتی كاراكردنی رۆڵی ئەنجوومەنی نیشتمانی كوردی كە بە شێوەیەكی پراكتیكی ئامادەیی نییە لەسەر ئەرزی واقیعدا، لەم دوایەش پارتی ئازادی باڵی مستەفا ئاسۆ چووە پاڵ پرۆژەی یەكێتی سیاسی دیموكراتی و دواتر راگەیاندنی ئەو یەكێتییە لە بەرواری 15/12/2012 لە قامیشلۆ راگەینراو جەماوەری كوردستانیش پێشوازییان لەو هەنگاوە كردو زۆر پێی دڵخۆش بوون، دیارە ئەو هەنگاوە بووە جێگەی خۆشحاڵی و دڵخۆشی كاك مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان.
دیارە راگیاندنی دەستەی باڵای كوردەكان دەسكەوتێكی گەورەیە بۆ گەلی كورد لە سوریا، بەڵام راگەیاندنەكەی هەولێر هەتا ئێستا یەك خاڵی لێ جێبەجێ نەكراوە، تەنیا شەڕی براكوژی كوردو كورد نەبێت، ئەمە سەرەڕای دووپاتكردنەوەی بەدیهێنانی هەموو هەنگاوەكان، بەڵام سەبارەت بە هاتنە ناوەوەی سوپای سوریای ئازاد بۆ سەرێ كانی بۆ ئەوە هیچ بەهانەیەك نەبوو بۆ هاتنە ناوەوەی سوپای ئازاد بۆ ناوچە كوردییەكان، چونكە ناوچە كوردییەكان لە رۆژانی سەرەتاوە بەشدارییان لە شۆڕشی سوریا كردووە، پێش هەموو پارێزگەكانی سوریا لە دوای دەرعا،
چونكە گەلی كورد تێنوی تەواوكردنی راپەڕینەكەی بوو كە سەرەتا بڵێسەكەی بۆ 12ی ئاداری ساڵی 2004 دەگەڕێتەوە، ئەمە لە كاتێكدا سەرجەم پارێزگەكانی سوریا و زۆربەی سەركردەكانی سوپای سوریای ئازاد بەشێكی بنچینەیی سوپای رژێم بوونە، هاتنە ناوەوەی ئەو چەكدارانەش بۆ سەرێ كانی، ناوبانگ و شیمەی سوپای ئازادیان شێواند، هەروەها هاتنە پاڵی ئەو شەبیحەش بۆ پاڵ ئەو چەكدارانە نامەیەكی مەترسیدار بوو، كە ئەوەش بۆ گەلی كوردو بزوتنەوە سیاسییەكەی سوودی زۆری تێدابوو بۆ ئەوەی بەخۆدا بچێتەوەو جەخت لە یەكریزی و یەكهەڵوێستی خۆیان بكەنەوە.
بەڵام سەبارەت بە كاركردنی پارتە كوردییەكان و دامەزراندنی سوپایەكی یەكگرتوو، جۆرە لە یەك جیاییەك هەیە لە هەڵوێستەكان، بەڵام لەسەر هەموو پارتە كوردییەكان پێویستە بە تایبەتی ئەوانەی خاوەن قاعیدەی جەماوەری و حزبین لە هەموو ناوچەكاندا، دەست بكەن بە چۆنیەتی خۆڕێكخستن بۆ دامەزراندنی بنچینەی ئەو هێزە كوردییە لە پێناوی پاراستنی رۆڵەكانی میللەتەكەمان لەو قۆناغەدا، هەروەها بۆ ئەوەی ببێنە هاوبەشێكی راستەقینەی هێزەكانی سوریای ئایندە، هەر دواكەوتنێكیش لەو بوارەدا، واتا وازهێنانی راستەقینەیە لە پرسی گەلی كوردمان.
سەبارەت بە ئایندەی سووریاش.. بێگومان دیكتاتۆریەت دەڕووخێت و رژێمی تاك حزبی و یەك سەركردەیی بۆ وڵات و كۆمەڵ كۆتایی دێت، ئەو كاتە سوریای ئایندە دەبێتە دەوڵەتێكی فیدراڵی دیموكراتی فرەیی عەلمانی ئازاد، كە پارێزگاری لە مافی هەمووان دەكات و سەردەمی زوڵم و چەوسانەوەو جیاكاری رەگەزی و دەستگرتن بە دەسەڵات و سامان كۆتایی دێت، چونكە رژێمی ئێستا ئەوەی بەسەر هەموو پێكهاتەكانی گەلی سووریادا سەپاندووە كە دەستبەرداری هەموو ماف و خواستەكانیان ببن و، لەیەكتری بترسن و بەهیچ شێوەیەك متمانە بە یەكتری نەكەن و هەر پێكهاتەیەك لەسەر حسابی پێكهاتەكەی دیكە بكەونە مەترسییەوە لە چۆنیەتی سەركردایەتی كردنی ئەو وڵاتەدا.
بەڵام سەبارەت بە لێدوانەكەی شێخ مەعاز خەتیب و دواخستنی پرسی كورد بۆ دوای كەوتن و رووخانی رژێم، ئەوە پەشیمان بوونەوەیە لەو نامەیەی كە بۆ سەرۆكی ئەنجوومەنی نیشتمانی كوردی لە بەرواری 9/12/2012 نێردراوە، ئەمە سەرەڕای هەڵوێستی تایبەتی سەرۆكی ئیئتیلافی شۆڕش و ئۆپۆزسیۆنی سوریا، پێویستە كورد بچێتە نێو ئەو ئیئتیلافەو بەرگری لە گەلی كورد بكات بە شێوەیەكی روون و ئاشكرا بە داواكاری سوریای فیدراڵیشەوە، بەڵام دوودڵبوونی هەندێ پارتی كوردی لە چۆنیەتی چوونە نێو ریزەكانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا و ئەو ئیئتیلافە، رەنگە هەتا ئەو ساتە پەیوەندی بە مەترسییەكانی مانەوەی ئەو رژێمەو نەبوونی متمانە بە شۆڕشی سوریاوە بێت.
چاوپێكەوتن: عماد محمود




