٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

شاندەکی مەکتەبی سیاسی سەردانی بزوتنەوەی ئیسلامی و زەحمەتکێشانی کرد

سەرچاوە: KDP.info

شانده‌كی مه‌كته‌بی سیاسی  پارتی دیموكراتی كوردستان  بەسەرۆکایەتی فازل میرانى سکرتێری مه‌كته‌بی سیاسی و ئازاد به‌روارى ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی و ره‌مزى شه‌عبان ئه‌ندامی یه‌ده‌گی مه‌كته‌بی سیاسی و ئه‌حمه‌د كانى به‌رپرسی مه‌كته‌بی پەیوەندی كوردستانى ، سه‌ره‌دانی بزوتنەوەی ئیسلامى لە كوردستان كرد.
شاندى مه‌كته‌بى سیاسى له‌لایه‌ن شێخ عیرفان عه‌بدولعه‌زیز ڕابه‌رى بزوتنه‌وه‌ى ئیسلامى كوردستان و ئه‌ندامانى مه‌كته‌بى سیاسى پێشوازیكران. له‌ دانیشتنێكدا سه‌باره‌ت به‌ بارودۆخى ئێستاى عێراق به‌ گشتى و كوردستان به‌ تایبه‌تى باس و گفتوگۆكراو ئاماژه‌ به‌وه‌ درا كه‌ ئه‌م گرفتانه‌ ئێستا له‌ نێوان ناوه‌ندو هه‌رێمن بۆ چاره‌سه‌ركردنیان ته‌نیا رێگاى گفتوگۆكردن و جێبه‌جێكردنى مادده‌كانى ده‌ستورو پابه‌ندبوونه‌ به‌ رێككه‌وتننامه‌كانى سیاسى به‌ تایبه‌تى رێككه‌وتنى هه‌ولێره‌.
هه‌روه‌ها ئاماژه‌ به‌وه‌ درا كه‌ یه‌ك هه‌ڵوێستى لایه‌نه‌كانى سیاسى كوردستان له‌م دواییه‌ جێگاى خۆشحاڵییه ‌و ده‌بێت هه‌موو كات له‌ كێشه‌كاندا به‌ تایبه‌تى كێشه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان یه‌ك ده‌نگ و یه‌ك رابین.
له‌لاى خۆیه‌وه‌ ڕابه‌رى بزوتنه‌وه‌ى ئیسلامى كوردستان خۆشحاڵى خۆى بۆ ئه‌م سه‌ردانه‌ى شاندى مه‌كته‌بى سیاسى پارتى دیموكراتى كوردستان ده‌ربڕى و هیواى خواست كه‌ ئه‌م سه‌ردانانه‌ زیاتر بكرێن.
هه‌ر له‌م سه‌ردانه‌یاندا شاندى مه‌كته‌بى سیاسى سه‌ردانى مه‌كته‌بى سیاسى حزبى زه‌حمه‌تكێشانى كوردستانیان كرد و له‌لایه‌ن به‌همه‌ن حوسێن جێگرى سكرتێر و ئه‌ندامانى مه‌كته‌بى سیاسى حزبى زه‌حمه‌تكێشانى كوردستان پێشوازیكران.
له‌ دانیشتنێكدا سه‌باره‌ت به‌ بارودۆخى ئێستاى عێراق به‌ گشتى و كوردستان به‌ تایبه‌تى باس و گفتوگۆ كرا و ئاماژه‌ به‌وه‌ درا كه‌ به‌و سیاسه‌ته‌ كه‌ ئێستا حوكمڕانانى عێراق گرتیانه‌ به‌ر له‌ ته‌نیا گیرو گرفته‌كان چاره‌سه‌ر نابن و به‌ڵكو رۆژ له‌ دواى رۆژ قووڵتر ده‌بن و ته‌نیا رێگا بۆ ده‌رچوون له‌و قه‌یرانه‌ سیاسییه‌ ئاڵۆزه‌ كه‌ عێراقى به‌ گشتى گرتۆته‌وه‌و كێشه‌ى نێوان هه‌رێم و به‌غداش سه‌ره‌كرتین گرفته‌ ته‌نیا دانیشتن له‌ سه‌ر مێزى گفتوگۆ و جێبه‌جێكردنى به‌نده‌كانى ده‌ستورو پابه‌ندبوونه‌ به‌م رێككه‌وتننامانه‌یه‌ به‌ تایبه‌تى رێككه‌وتننامه‌ى هه‌ولێر كه‌ كاتى خۆى بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ى پێكهێنانى حكوومه‌تی بەغدا و لایه‌نه‌كان له‌ سه‌رى رێككه‌وتوون.
دواتر سه‌باره‌ت به‌ یه‌كهه‌ڵوێستى لایه‌نه‌ سیاسییەکانی كوردستان له‌ كاتى كێشه‌كان به‌ تایبه‌تى ئه‌و ئاڵۆزییه‌ى كه‌ ماوه‌یه‌كه‌ له‌ نێوان بەغدا و هه‌رێم بووه‌ته‌ گرفتێكى سه‌ره‌كى، ئەم یەکهەڵوێستییە پێویسته‌ بۆ چاره‌سه‌كردنیان و ئه‌مەش ‌ جێى خۆشحاڵییه‌ و ده‌بێ هه‌موو كاتێك بۆ ده‌ربازبوون له‌ كێشه‌و گرفته‌كان به‌ تایبه‌تى كێشه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان هاوڕا بین.
له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ به‌همه‌ن حوسێن جێگرى سكرتێرى حزبى زه‌حمه‌تكێشان خۆشحاڵى خۆیان بۆ ئه‌م سه‌ردانه‌ى شاندى مه‌كته‌بى سیاسى پارتى دیموکراتی کوردستان ده‌ربڕى و هیواى خواست كه‌ ئه‌م سه‌ردانانه‌ به‌رده‌وام بن.

هەواڵی پەیوەندیدار