عیماد ئەحمەد: ئێوە بەشێكی زیندووی كۆمەڵگای كوردستانن، فەرهەنگ و كەلتووری وڵاتەكەمان بەو جیاوازییەوە دەوڵەمەندتر بووە

ئەمڕۆ 24/12 عیماد ئەحمەد جێگری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وتەبێژی حكوومەت و پارێزگاری هەولێر و سەرۆكی دیوان و سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیران بۆ پێشكەشكردنی پیرۆزبایی حكوومەتی هەرێم بەبۆنەی یادی لەدایكبوونی حەزرەتی مەسیح و ساڵی تازە، لەشارۆچكەی عەنكاوە سەردانی كەنیسەی ماریوسفی كردو لەلایەن مەتران بەشار مەتی وەردە سەرۆكی ئەساقیفەی ئەباریشەی هەولێر پێشوازی لێكرا.
سەرەتا عیماد ئەحمەد بەناوی سەرۆكی حكوومەت و ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پیرۆزبایی ئەو یادەی لە مەسیحییەكانی كوردستان و هەموو عیراق كردو هیوای خواست وەك هەمیشە ئەم جەژنە لە كەشێكی ئارام بەڕێبكەن و ببێتە هۆی ئاشتی و تەبایی زیاتر، هەروا راشیگەیاند: ئەم وڵاتە هی هەموومانە بە سەرجەم پێكهاتەو ئایینەكان و بەم فرەچەشنی و فرەڕەنگییەوە هاتووەو ئێوەش بەشێكی زیندووی كۆمەڵگای كوردستانن فەرهەنگ و كەلتووری وڵاتەكەمان بەو جیاوازیەوە دەوڵەمەندتر بووە.
جێگری سەرۆكی حكومەت وێڕای پیرۆزبایی لەبرا مەسیحییەكان تەئكیدی لەقوڵكردنەوەی زیاتری گیانی تەبایی و لێبوردن كردەوەو باسی لەوەكرد حكوومەتی هەرێم لەسەر بنەمای مافی هاووڵاتی بوون رێز لەئیرادەو ویستی هەموو تاكێكی ئەم وڵاتەو پێداویستییەكانی دەگرێت، بەتایبەتی كەپەیوەندییەكی مێژوویی لەنێوان موسڵمان و مەسیحیەیكانی كوردستان هەیە.
عیماد ئەحمەد لەم یادەدا بەتایبەتی پیرۆزبایی لەو مەسیحیانەشكرد كە بەهۆی هەڕەشەی تیرۆر و رێگری لە سروتە ئاینییەكانیان لە ناوچەكانی ناوەڕاست و خوارووی عیراق ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە لەمبارەیەوە گوتی: حكوومەت بەردەوام دەبێت لە هاوكاری و یارمەتیدانیان و دابینكردنی كەشێكی لە بار بۆیان تادەرفەتی ئەوەیان بۆ دەڕەخسێت بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان.
پاشان بەڕێز مەتران بەشار مەتی وەردە سوپاسی جێگری سەرۆكی حكوومەتی كرد بۆ سەردانەكەیان و پەیامی پیرۆزباییەكەی بۆ مەسیحییەكان بە گرنگ وەسفكرد و گوتی: هاریكاری و پشتیوانی حكوومەتی هەرێم و گرنگی پێدانی بۆ مەسیحییەكان و دابینكردنی ئەمنیەت و ئارامی بۆیان جێگەی پێزانین و دەستخۆشییە، هەروا ئاماژەی بە پەیوەندی مێژوویی هەردولا كردو گوتی ئێمەش لەم وڵاتەدا خۆمان بەبەرپرسیار دەزانین و وەك چۆن داواكاریمان هەیە، ئەركیشمان لەسەر شانەو درێغیش ناكەین.
سەرۆكی ئەساقیفەی ئەباریشەی هەولێر راشیگەیاند: ئەو ئاسانكاری و هاریكارییەی لەكوردستان بۆ مەسیحییەكان كراوە لە سەر ئاستی عیراق و دەرەوە و تەنانەت فاتیكانیش پێزانراوەو مایەی دەستخۆشی هەموومانە و هیوادارین بتوانین پارێزگاری لێبكەین و زیاتریش گەشەی پێبدەین.
مەترانی كەنیسەی ماریوسف ڕوونیشی كردەوە: مەسیحییەكانی عەنكاوە ئەمڕۆ خۆیان بەخۆشحاڵ دەبینن كەحكوومەتی هەرێم بەشێوەیەكی راستەحۆ بەشداری یادەكانیان دەكات، هاوكات بە بایەخەوە سەردانی سەرۆك و جێگری سەرۆكی حكوومەتی بۆ هەموو شارو شارۆچكەو ناوچەكان هەڵسەنگاند.
دواتر باسی لە چەند پڕۆژەیەكی خزمەتگوزاری كەنیسەكەی خۆیان كرد وەك خوێندنگەو نەخۆشخانەو زانكۆ كەبێ جیاوازی خزمەتی هەموو نەتەوەو ئاین و پێكهاتەكان دەكەن.




