حکوومەتی عێراق قەرزەکانی هەرێـمی کوردستان ناداتەوە

هەولێر - تایبەت بەkdp.info - / ساڵانە بڕێكی زۆر بودجەی گشتی عێراق بۆ بودجەی سیادی تەرخان دەكرێت كە بۆ ئەمساڵ 40 ملیار دۆلارەو بەپێی رێكکەوتنەكانیش دەبێت لەو بڕە پارەیە لە%17ی بدرێت بە هەرێمی كوردستان، بەڵام چەند ساڵێكە هەرێمی كوردستان لەو بڕە پارەیە بێبەش دەكرێت و بەوپێیەش بێت حكوومەتی عێراقی فیدراڵ چەند ملیار دۆلارێكی هەرێمی كوردستان قەرزارە.
د. رەوەز مەهدی خۆشناو ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە لیستی هاوپەیمانی كوردستانی تایبەت بۆkdp.info گوتی "ئێمە بەهەموو شێوەیەك دژی زیادكردنی نەفەقاتی سیادی عێراقین و هەموو ساڵێك بڕێكی زۆر پارە بۆ بودجەی سیادی تەرخان دەكرێت كە بوارەكانی (بەرگری ، نەوت وغاز، سەرۆكایەتی كۆمار، دادگای فیدراڵ ) و چەند بوارێكی تر و ساڵانەش بڕی بودجەی تەرخانكراو زیاد دەكات و بۆ ئەمساڵ 40 ملیار دۆلار تەرخانكراوە كە دەكاتە زیاتر لە %30 بودجەی عێراق، بەڵام تاوەكو ئێستا هەرێمی كوردستان لەو بودجە سیادییە تەرخانكراوە، بێبەشكراوە كە دەبێت لە %17 ی بدرێت بەهەرێمی كوردستان.
گوتیشی "ئێمە چەندین جار لە گفتوگۆكان داوامانكردووە كە بەشی هەرێمی كوردستان لەو بودجە زۆرەی كە بۆ سیادییە تەرخان دەكرێت و لەهەوڵەكانمان بەردەوامین و دەبێت بودجەی پێشمەرگەش لەو بودجە سیادییە تەرخان بكرێت.




