گروپی گەنجانی سەربەخۆ داوا دەكەن یادی دامەزراندنی سوپای عێراق نەكرێتەوە

یاساناسێك: بەهیچ شێوەیەك 6 ی كانون لەناو ئەو رۆژانەدا نییە كە پەرلەمانی كوردستان بەفەرمی كردوویەتییە پشوو
لەمیانەی یاداشتێكدا ئەمڕۆ گروپی گەنجانی سەربەخۆی هەرێمی كوردستان كە پێشكەشی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستانیان كردووە داوا دەكەن كە بەهیچ شێوەیەك لە هەرێمی كوردستان یادی دامەزراندنی سوپای عێراق نەكرێتەوە و لەبەرامبەریشدا رۆژێك بۆ پێشمەرگە دیاری بكرێت و یاساناسێك كە ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستانیشە دەڵێت لە پەرلەمانی كوردستان هیچ یاسا و بڕیارێك نییە بۆ ئەوەی رۆژی 6 ی كانونی دووەمی هەموو ساڵێك بكرێتە پشوو و كورد بەهیچ شێوەیەك خێری لە سوپای عێراق نەدیوە.
گروپی گەنجانی سەربەخۆی كوردستان ئەمڕۆ لەمیانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە شاری هەولێر رایانگەیاند كە ژمارەیەكی زۆر ئیمزایان لە لە شارەكانی (هەولێر ، كەركوك، سلێمانی ، دهۆك) كۆكردۆتەوە بۆ ئەوەی داوا لە پەرلەمان بكرێت بەهیچ شێوەیەك لەمەوبەدوا یادی رۆژی دامەزراندنی سوپای عێراق نەكرێتەوەو رۆژێكیش بۆ پێشمەرگە دیاری بكرێت و بۆ ئەو مەبەستە یاداشتێك پێشكەش بە سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان كراوە.
لەبەرامبەر ئەو هەوڵەشدا تارق جامباز ئەندامی پێشووی پەرلەمانی كوردستان و یاساناس تایبەت بۆkdp.info گوتی "هەموو ئەو پشووانەی كە پەرلەمانی كوردستان بەفەرمی بڕیاری لەسەردراوە دیار و ئاشكرایە و بەهیچ شێوەیەك 6 ی كانون یادی دامەزراندنی سوپای عێراق لەو ئەو پشووانەدا نییە كە لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە بڕیاری لەسەر دراوە هەرچەندە پشووەكان لە عێراق زۆرن و سنووریان تێپەڕكردووە بەڵام ئێمەی كورد هیچ خێرێكمان لە سوپای عێراق نەدیوە بۆ ئەوەی یادی بكەینەوە
هەولێر- بڕوا بەرزنجی




