ئێران: رێگا نادەین رێكخستنێكی چەكداری سوننە مەزهەب لەعێراق دروست بێت

تایبەت بەkdp.info/لەگەڵ دەنگۆی دروستبوونی یەكەیەكی چەكداری سوننە مەزهەب بە ناوی فەیلەقی عومەر لە عێراق، جێگری وەزیری بەرگری ئێران رایگەیاند: تاران رێگا نادات كۆمەڵە گرووپێكی چەكداری سوننە لە عێراق دروست بێت، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا كە تۆڕی عێراق بڵاوی كردۆتەوە ئیبراهیم مەحموود زاد رایگەیاندووە: دروستبوونی گرووپێكی چەكداری سوننە لە عێراق هەڕەشەیە بۆ سەر مەزارەكانی شیعە و زیارەتكارانی لەو وڵاتەدا، جێگری وەزیری بەرگری ئێران هەروەها ئاماژەی داوە: كە هێزەكانی ئەمنی عێراق هەنووكە لە بارودۆخێكی خراپدان و توانای بەرنگاربوونەوەی ئەو هێزانەیان نییە، بۆیەش ئەگەر پێویست بكات، ئێران هێزی سەربازی خۆی بۆ لە ناوبردنی ئەو گرووپە چەكدارانە رەوانەی عێراق دەكات، ئیبراهیم مەحموود زاد گوتیشی: ئەو هێزانەی سوننە لە گرووپی چەكداری سوننە مەزهەب لە سووریا پاشماوەی بەعسییەكانی دوا كەتووی سەدام پێكهاتوون، دەخوازن عێراق بۆ سەردەمیی پێشوو بگەڕێننەوە كە ئەمەش لەلایەن ئێرانەوە بەتووندی رەتدەكرێتەوە. شایەنی باسە دوای دەنگۆی دروستبوونی هێزێكی چەكداری تایبەت بە سوننە مەزهەبەكان لە عێراق ئەو لێدوانەی حكوومەتی ئێران بەیەكەمین لێدوانی فەرمیی دادەنرێت.




