راوێژكاری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا: پشتگیری هەر هەولێك لە پێناو چارەسەركردنی پرسەكان و نەهێشتنی ئاڵۆزییەكان دەبین

ئەمڕۆ شەممە فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەت پێشوازی لە شاندێكی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا كرد، كە پێكهاتبوو لە بەڕێزان برێت ماگێرك راوێژكاری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ كاروباری عێراق و تیم پاوندس كونسوڵی گشتی ئەمەریكا لە هەرێم بە وەكالەت.
لە دیدارێكدا كە كاروان جەمال جێگری بەرپرسی فەرمانگە ئامادەبوو، باس لە رەوشی ئەمڕۆی عێراق و قەیرانە سیاسییەكان و ئاڵۆزبوونی بارودۆخەكە كرا. فەلاح مستەفا پوختەیەكی لەسەر فاكتەری زیاتر سەرهەڵدانی قەیرانەكان كرد و ئاماژەی بە رەفتاری تاكڕەوانەی سەرۆك وەزیرانی عێراقی فیدراڵ كرد وەك هۆكارێكی سەرەكی بۆ ئاڵۆزییەكان و پشتگوێخستنی دەستوور.
بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەت رۆلی ویڵایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریکای بە گرینگ زانی بۆ یارمەتیدانی سەرجەم لایەنە عێراقییەكان لە پێناو سەرخستنی پرۆسەی سیاسی لە عێراق. هاوكات پابەندبوونی هەرێمی كوردستانی بە دەستووری عێراق دووپاتكردەوە بۆ چارەسەری سەرجەم قەیرانەكان.
هەردوولا كۆك بوون لەسەر چارەسەركردنی كێشەو قەیرانەكان لە رێگەی دیالۆگ و گەڕانەوە بۆ دەستوری عێراق، لەم رووەوە راوێژكاری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا پشتگیری وڵاتەكەی خستەڕوو بۆ هەر هەولێك لە پێناو چارەسەركردنی پرسەكان و نەهێشتنی ئاڵۆزییەكان.




