٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

مەكتەبی سیاسی ی.ن.ك: پابەندی خۆی لەسەر رێكەوتنامەی ستراتیژی نێوان یەكێتی‌و پارتی‌و گەشەپێدانیشی دەربڕی

سەرچاوە: KDP.info

ئەمڕۆ 22/12/2012مەكتەبی سیاسی لەگەڵا تەواوی نەتەوەی كورد، دەوڵەتان، هێزە سیاسیەكان، كەسایەتیەكان، روناكبیران، كەسوكاری شەهیدان، پێشمەرگەو تێكۆشەرانی پێناوی رزگاری‌و دیموكراسی، لە هەركوێیەكی رۆژهەڵات‌و جیهاندا بن، لەسەر هەستی هەواڵا‌و پەرۆشی تەندروستی رابەری گەورەمان، مامۆستای مێژووییمان، جەنابی مام جەلال، كۆبونەوەی ئاسایی كرد.
كۆبونەوەكە، جگە لەوەی پابەندی مەكتەبی سیاسی‌و سەراپای ئۆرگانەكانی یەكێتی، بۆ رێبازو بەرنامەو بڕیارە پەسەندكراوەكانی سێهەمین كۆنگرەی یەكێتی‌و تەواوی پرنسیپەكانی دوای كۆنگرە، لەسەر پۆست‌و ئۆرگانەكان، دوپات كردەوەو هەر لەناو هەمان چوارچێوەی سیاسەتی بڕیارلێدراوی یەكێتیدا، بەبێ‌ دەستكاری، درێژە بە خەبات‌و چالاكی‌و راپەڕاندنی ئەركەكان دەدرێ‌، جگە لە پاراستنی بنچینە داڕێژراوەكانی سیاسەتی یەكێتی، ئۆرگانەكانی یەكێتی، بەرپرس‌و بەرپرسیارێتی یەكێتی، لە جێگرانی سكرتێری گشتیەوە، بۆ بەرپرس‌و دەستەی كارگێڕو سەراپا ئۆرگانەكانی تر، وەكو هەن‌و جەنابی مام جەلالیش بڕیاری لەسەر داون، هەڤاڵانی مەكتەبی سیاسی، جەختیان كردەوە كە سەربازی بەوەفای یەكێتی ناو یەكێتی‌و جەنابی مام جەلال‌و ستراتیژی یەكێتی دەبن، لە هەموو ئاست‌و ئاڕاستەكانی، چ بۆ ناو یەكێتی، چ بۆ كوردستان، چ لەسەر ئاستی عێراق، ناوچەكەو جیهانیش. تێكڕا ئەندامانی مەكتەبی سیاسی، لەسەر ئەم بنچینەو پرنسیپ‌و بڕیارانە، پابەندی خۆیان، بە دڵسۆزی‌و راشكاوی راگەیاند.
لە كۆبونەوەكەدا، دۆخی عێراق‌و كوردستان‌و ناوچەكانی كوردستان لەدەرەوەی هەرێم، بەتایبەتی پارێزگای كەركوك، هەڵسەنگێندراو هەڵوێستەشیان لەسەر كرایەوە. سیاسەتی بڕیارلێدراوی پێشوی یەكێتی لەسەر ئاستی عێراق دوپاتكرایەوە كە:
چارەسەركردنی ریشەیی كێشە خوڵقێنراوەكان، بە دیالۆگی بەرپرسیارانە، دوور لە بڕیاری یەكلایەنەو تاكڕەوانە. هەر بڕیارێكیش، پێچەوانەی دەستور، رێكەوتنامەكان، سازانی هێزە سیاسیەكان، درابن، دەبێت هەڵبوەشێنەوە، بەتایبەتی قیادەی عەمەلیاتی دیجلە، كە دروستكردنی‌و سەپاندنی، هەتائێستا، جگەلەوەی دۆخێكی مەترسیداری دروستكردووە، بۆتە مایەی لێكترازانی پەیوەندی ئاسایی نێوان بەغدادو هەرێم. ئەمەش رەنگی لەسەر كۆی پرۆسەی سیاسی عێراق‌و بەڵكو ناوچەكەش، بە نالەباری داوەتەوە.
سەبارەت بە كوردستان.. كۆبونەوە پابەندی خۆی لەسەر رێكەوتنامەی ستراتیژی نێوان یەكێتی‌و پارتی‌و گەشەپێدانیشی، هەروەكو پێشتر بۆچونی هاوبەشمان لەسەری گەڵاڵەی گشتی كردووە، چەسپاندەوە. هەروەها، دەربارەی پەیوەندی بزوتنەوەی گۆڕان‌و یەكێتیش، درێژە بە هەمان سیاسەتی راگەیەندراو دەدرێ‌، بۆ گفتوگۆی سیاسی‌و گەیشتن بە هەڵوێستی هاوبەش. هاوكات، خەباتی هاوبەش كردن بۆئەوەی پرسە رەهەند نیشتمانیەكان، دوور لە گۆشەنیگای تایبەتی حیزبایەتی، لەسەریان رێكبكەوین.
بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاكانی نەینەوا، دیالەو سەلاحەدینیش، كە بەشێكی ناوچە كوردستانیەكان هەتا ئێستا دەگرێتەوە، جەختكرایەوە، كە ئەزمونی لیستی هاوبەشی هێزە كوردستانیەكان، بەوشێوەیەی تەواوی حیزبەكان لەسەری رێكەوتوین، وەكو ئەزمونێكی گونجاوی دڵخۆشكەرەی نوێی هێزە كوردستانیەكان، سەربخەین‌و بیكەینە بنەماش بۆ راپەڕاندنی ئەركی هاوبەشی لەمەودواشمان.
لەكۆتاییشدا، مەكتەبی سیاسی، بە بایەخێكی زۆرەوە، هەست‌و هەڵوێست‌و ئەمەكداری تەواوی مەرجەعیەكانی بەڕێزی شیعەو زانا گەورەكانی سونە، سەرۆكی دەوڵەتان، سەرەك وەزیران، سەرۆك‌و سكرتێری حزبە سیاسیەكانی جیهان‌و ناوچەكە، هەروەها، رێكخراوە دیموكراتی‌و سەندیكاكان، زانایانی ئایینی، یەكە بەیەكەی دڵسۆزان، كەسوكاری شەهیدان، پێشمەرگەكان، نوسەرانی عەرەب، تورك، فارس، كورد، ئینگلیز، فەرەنسی، ئەڵمانی، ئیتالی، ئیسپانی، مەسیحی، هەروەها هونەرمەندان‌و، وەرزشكاران، بەرز دەنرخێنین‌و پێیاندەڵێین، مام جەلال‌و یەكێتی، هەرگیز ئەم دەربڕینە پڕ لە سۆزەتان، وەفاتان، پەرۆشیتان، بیر ناباتەوەو لە ویژدانی ئێستاو ئایندەی یەكێتیەكاندا، ئەم وەفاو ئەمەكە، دەپارێزین‌و شانازی پێوەدەكەین.
هەر لەمبارەوە، دەبێ‌ بۆ مێژوو بڵێین كە: یەكەمین سەرۆك‌و سەركردە، جەنابی سەرۆكی هەرێم (بەڕێز مەسعود بارزانی(  پەیوەندی بە مەكتەبی سیاسی یەكێتیەوە كردو ئامادەیی خۆی‌و پارتی هاوپەیمانمانی دەربڕی، بۆ هەر ئەركێكی پێویست، خزمەتی مام‌و یەكێتی بكەن. هەروەها بەڕێز دەوڵەتمەداری كوردستان (نێچیرڤان بارزانی) بێ‌ درێغ وەفای خۆی بۆ مام جەلال‌و یەكێتی، سەلماند. لە یەكەمین رۆژی بردنە نەخۆشخانەشدا، بەڕێز دەوڵەتمەداری عێراق، جەنابی مالیكی، هەروەها بەڕێز عەمار حەكیم، ئەحمەد چەلەبی، ئوسامە نوجیفی، سەرۆكی فراكسیۆنەكانی ئەنجومەنی نیشتمانی عێراق، رافیع ئەلعیساوی، ساڵح موتڵەگ، شەهرستانی، هۆشیار زێباری، سەرۆكی مەجلیسی دادوەری، لەگەڵا گەورە بەرپرسانی حیزبەكان‌و دەوڵەت، پەیتا پەیتا، سەردانی نەخۆشخانەیان بۆ هەواڵپرسین دەكرد. ئەمە جگەلەوەی زۆربەی سەفیرەكانی وڵاتان، لەعێراق، چ بە سەردانی نەخۆشخانەو چ بە تەلەفۆن‌و نامە، ئەمەكدارییان بۆ جەنابی سەرۆك كۆمار، سەلماند. هەروەها بەڕێزان: نەوشیروان مستەفا، محەمەد فەرەج، مامۆستا عەلی باپیر، كەمال شاكرو محەمەدی حاجی مەحمودو تەواوی بەرپرسانی حیزبە كوردستانیەكان لە هەر چوار بەشی كوردستاندا، بە تەلەفۆن خەمخۆری خۆیان، دەنواند.
شایەنی وتن‌و پێزانینی زۆرمانە كە كۆماری ئیسلامی ئێران، لە مەقاماتی باڵاوە، بۆ سەرۆك كۆمارو تەواوی كاربەدەستانیان، لە ناردنی تیمی پزیشك‌و ئامادەیی هەموو خزمەتێكیان، لە یەكەمین ساتی هەواڵی تێكچونی تەندروستی جەنابی مام جەلالەوە دەربڕی‌و تیمەكەشیان بەزوترین كات گەیاندە نەخۆشخانە. هەروەها وڵاتی توركیا، لە جەنابی سەرۆك كۆمارەوە، بۆ جەنابی دەوڵەتمەداری كۆماری توركیای دراوسێ‌، بەپەرۆشەوە ئامادەییان بۆ هەر كارێكی پێویست‌و فریاكەوتن، پێیان بكرێ‌، دەربڕی. هەروەها: ئەمریكا، چین، فەرەنسا، ئوردن، ئەڵمانیا، لوبنان، كوەیت، ئەم هەموو ئامادەییە، پەرۆشییە، وەفادارییەیان، بەڕاستی كوردو یەكێتیان قەرزاربار كردو گەلێ‌ سوپاسیان دەكەین.
زۆر سوپاسی تیمی پزیشكی (مدینە الطب)ی بەغداد دەكەین، كە لە یەكەمین ساتی نەخۆشی جەنابی مام جەلالەوە، ئەوپەڕی تێكۆشان‌و شەونخونیان چەشت، هەتا، ئەوەی لەتوانایاندا بوو، تەندروستی مام جەلالیان گەیاندە دڵنیاییەكەوە، بگەیەندرێتە وڵاتی ئەڵمانیا. گەلێ‌ سوپاسی میدیاكان‌و میدیاكارانیش دەكەین، كە بەپەرۆشەوە، هەواڵی جەنابی مام جەلالیان لە باشتربونی تەندروستی سەرۆك كۆمارو خۆشەویستی هەموان، دڵنیادەكردەوە.
لەكۆتاییشدا.. مەكتەبی سیاسی، لەگەڵماندا، تەواوی ئەندام‌و دڵسۆزو هەڵسوڕاوانی یەكێتی، بەكورتی، هەموو یەكێتی‌و یەكێتیەكان، پێكڕاو تێكڕا، لەگەڵا تەواوی دڵسۆزاندا، دەستی نزاو پاڕانەوە، لەناخەوە، لەویژدانەوە، لە وەفاو ئەوپەڕی ئەمەكداریەوە، بەرزدەكەینەوە كە مام جەلال، لەم سەفەرەیدا، بە تەندروستیەكی باشەوە، بگەڕێتەوە ناو كوردستان‌و عێراق.. درێژە بە سیاسەتی حەكیمانەی خۆی بداو چرای (چادری حیكمەتی) سیاسەتەكانی، رێگای پڕ لە كێشەو بێشەی هەموولایەك، روناك بكاتەوە. چاوەڕوانین، ئەی ئومێدی گەورەو ئەی گەورە رابەرو مامۆستامان، بەسەلامەتی بگەڕێیتەوە.. بگەڕێیتەوە.. بگەڕێیتەوە.


مەكتەبی سیاسی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
22/12/2012

هەواڵی پەیوەندیدار