بەریتانیا بایی پتر لە 14 ملیۆن دۆلار قەرەبۆی عێراقییەکانی کردەوە

عێراق- تایبەت بە kdp.info/ رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی ئاشكرای كرد، حكوومەتی بەریتانیا بڕی پتر لە 14 ملیۆن دۆلاری داوەتە ئەو عێراقییانەی كە پێشتر سكاڵای خراپ مامەڵەكردنیان لەلایەن سوپای بەریتانەوە لەبەندیخانەكانی عێراق تۆمار كردبوو. رۆژنامەی گاردیان ئەمڕۆ هەینی بڵاوكردۆتەوە، كە ژمارەی ئەو كەسانەی سكاڵایان نووسیووە گەیشتۆتە 700 كەس و تێدا 206 كەسیان پارەكەیان بەر دەكەوێت، رۆژنامەكە ئاماژەی داوە كە هەندێك لەپاسەوان و ئەفسەرەکانی سوپای بەریتانیا، خراپ مامەڵەیان لە گەڵ بەندكراوانی عێراق كردووە و هەندێكی تریش بە بێ بوونی بەڵگە و هۆكاری دروست دەستگیركراون و ئەو دەستگیكراوانەش چەندین مانگ و ساڵیش دەست بەسەر بوونە، شایەنی باسە دوای گەڕانەوەی یەكجارەكی سوپای بەریتانیا لە عێراق، حكوومەتی بەریتانیا ساڵی 2010 بڕیاری دامەزراندنی لیژنەیەكی تایبەتی بۆ قەربووكردنەوەی قوربانییەكان دا.




