رافع عیساوی : پێویستە مالیكی دەست لەكار بكێشێتەوە

تایبەت بە kdp.info/ وەزیری دارایی عێراقی فیدراڵ رافع عیساوی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كە لیستی ئەلعراقییە لەبەغدا سازیكرد رایگەیاند:دەستگیركردنی 150 لە پاسەوانەكانم لە لایەن گرووپێكی چەكداری سەر بە نوری مالیكییەوە بەبێ بڕیاری دادگا پێشێڵی یاسایە و پێویستە سەرۆك وەزیران ئێستا ئازادیان بكات، عیساوی لەدرێژەی لێدوانەكەیدا گوتیشی: ئەوەی تۆزقاڵێك پەیڕەوی یاسا بكات، بەمشێوەیە مامەڵ ناكات، لە كاتێكدا وەزیری دارایی لە كۆبوونەوە بووە، چەكدارانی سەر بەمالیكی بە بێ بڕیاری دادگا لەبەردەم چاوەی خۆم ژمارەیەك لە پاسەوانەكانمیان قۆڵبەستكرد، وەزیری دارایی عێراق هەروەها راشیگەیاند:من وەك رافیع العیساوی داوا دەكەم نوری مالیكی سەرۆك وەزیران دەست لەكار بكێشێتەوە و داواش لە ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەكەم، دۆسیەی لێسەندنەوەی متمانە لەمالیكی چاڵاك بكەن. شایەنی باسە دوێنێ لە بارەگای وەزارەتی دارایی، هەروەها لەماڵی خودی وەزیری دارایی و لەبەرچاوی وەزیر، ژمارەیەك پاسەوان كە دەگاتە 150 كەس، لەلایەن ژمارەیەك چەكداری سەر بەمالیكییەوە دەستگیر كران.




