عەمرو موسا داوای لەگەلی میسر كرد دژی هەژموونی ئیخوانەكان بووەستنەوە

تایبەت بە kdp.info/ عەمرو موسا ئەمینداری پێشووی كۆمكاری عەرەبی و ئەندامی بەرەی رزگاركاری میسر گوتی: بەرەی رزگاركار داوا لەگەلی میسر دەكات بە ئافرەت و پیاو و گەنجەوە بەردەوامبن لەشەڕ دژی ئیخوانەكان و بە نەخێر بۆ دەستووری تازەی میسر دا دەنگبدەن، موسا لە بەیاننامەیەكدا هەروەها دەڵێت: دوای ئەوەی لە قۆناغی یەكەمی هەڵبژاردن، ئیخوانەكان زۆرترین تەزویریان كرد و ئێستاش كاتی ئەوە هاتووە هەموو گەلی میسر لە رۆژی شەممەی دهاتوودا بە نەخێر دەنگ بە دەستووری هەمواركراو بدەن، چونكە ئەم دەستورە داواكاری و پێداویستی گشت خەڵكی میسری تێدا نییە، ئەمینداری پێشووی كۆمكاری عەرەبی دەشڵێت: ئیخوانەكان لە ئاكامی دەرنجامی قۆناغی یەكەمی هەڵبژاردنەكان تووشی شۆك هاتوون، كە خەڵكی میسر زۆری دەنگی نەخێری بۆ دەستور دابوو، قۆناغی دووەمیش ئەو كاتە دەبێت كە هەموو خەڵكی میسر بە ئافرەت و پیاو و گەنجەوە لەدژی هەژموونی ئیخوانەكان دەوستن و بەنەخێر وەڵامی ئیسلامییەكان دەدەنەوە، شایەنی باسە رۆژی شەممە 22- 12 -2012 قۆناغی دووەمی ریفراندۆم لەسەر هەمواركردنەوەی دەستور دەست پێدەكات، كە لەلایەن ئیخوانەكان بەسەرۆكایەتی محەمەد مورسی سەرۆكی میسر پشتگیری دەكرێت.




