دەوڵەتی یاسا: هەولێر و بەغدا پابەندی هێوربوونەوەی بارودۆخن و لە چاوەڕوانی باشبوونی تەندروستی سەرۆك تاڵەبانی دان

تایبەت بە kdp.info/ عەلی سەراج ئەندام لە ئیتیلافی دەوڵەتی یاسا سەر بە نوری مالیكی بۆ رۆژنامەی حەیات گوتی: ئەگەری درێژەكێشانی غیابی سەرۆك كۆماری عێراقی فیدراڵ بەهۆی باری تەندروستییەوە، كاریگەری لەسەر رەوشی سیاسی عێراق و ئەو رێككەوتنە نابێت كە بۆ هێوربوونەوەی بارودۆخ لەنێوان هەولێر و بەغدا جێبەجێكراوە، عەلی سەراج هەروەها گوتی: سەرۆك تاڵەبانی بەشێوەیەكی دامەزراوەیی كارەكانی بەڕێوەبردووە و زۆر یاریدە دەریشی هەیە، كە كاروبارەكانی ئێستای بەرێوەببەن، وەك دكتۆر بەرهەم ساڵح جێگری سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق یان عەدنان موفتی، ئەو ئەندامەی سەر بە دەوڵەتی یاسا گوتیشی: چاوەڕوان دەكرێت گفتوگۆو دانوستانەکان لەگەڵ حكوومەتی بەغدا دەستپێبكاتەوە، بەڵام تا ئەو كاتەی كە بەتەواوی لە تەندروستی تاڵەبانی دڵنییا دەبین .لای خۆشییەوە ئازاد جوندیانی وتەبێژی فەرمی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بۆ حەیات رایگەیاند: رەوشی تەندروستی سەرۆك تاڵەبانی جێگرەو پرۆسەی سیاسی لە عێراقیش بە ئاراستەیەكی باشدا دەڕوات، بەمنزیكانە شاندێكی دانوستكاری هەرێمی كوردستانیش سەردانی بەغدا دەكات.




