پووتن: ئێمە بۆ ئەسەد نا بەڵكو بۆ دوا رۆژی سووریا نیگەرانین

تایبەت بە kdp.info/ فلادیمێر پووتن سەرۆكی رووسیا ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند: مۆسكۆ بۆ دواڕۆژی بەشار ئەسەد نیگەران نییە، بەڵكو بۆ دوا رۆژی وڵاتی سووریا نیگەرانە، سەرۆكی رووسیا لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەمۆسكۆ گوتی: بە گرنگی دەزانین یەكلابوونەوەی تەنگەژەی ئێستای سووریا، لە چوارچێوەی دروستنەبوونی جەنگی ناوخۆ و رووخانی دەوڵەتی سووریا بێت، پووتن لە درێژی لێدوانەكەیدا گوتیشی: ئێمە دەزانین بنەماڵەی بەشار ئەسەد ماوەی 40 ساڵە حوكمڕانی ئەو وڵاتە دەكات و پێویستە گۆڕانكاری لە حوكمڕانی ئەو وڵاتە بكرێت، بەڵام ئەوەی نیگەرانمان دەكات ئەوەیە، كە نامانەوێت ئەوەی لە لیبیا روویدا، لە سووریاش رووبداتەوە، بۆ ئێمە وەك رووسیا دوا رۆژی دەوڵەتی سووریا گرنگە، نەوەك رژێمەكەی بەشار ئەسەد، لە كۆتایی لێدوانەكەیدا فلادیمیر پووتن سەرۆكی رووسیا هەروەها رایگەیاند: ئەوەی ئێمە دەمانەوێت ئەوەیە، كە ناخوازین ئۆپۆزسیۆن دوای وەرگرتنی دەسەڵات، بەدوای دەسەڵاتدارانی ئێستای سووریا بكەوێت، هاوكات پێگەی رووسیای یەكگرتووش لە ناوچەكە دوای رووخانی ئەسەد گرنگە.




