كەمئەندامە مانگرتووەكان گەڕانەوە سلێمانی و یەك مانگ مۆڵەت دەدەنە حكوومەت

هەولێر/ kdp .info / ماوەی یەك مانگە ژمارەیەك كەمئەندام بەمەبەستی جێبەجێكردنی داواكارییەكانیان لەبارەی باشتركردنی گوزەرانیان لە بەردەم نووسینگەی پەرلەمانی كوردستان لە سلێمانی مانیان گرتووەو ماوەی دوو رۆژیش بوو لە بەردەم سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران لە هەولێر درێژەیان بە مانگرتنەكەیاندا، ئەمڕۆ دوای سەردانیكردنی نوێنەری حكوومەت بۆ لایان گەڕانەوە سلێمانی و ماوەی یەك مانگیان مۆڵەت داوە بە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ جێبەجێكردنی داواكارییەكانیان.
ئاری محمد یەكێك لە كەمئەندامە مانگرتووەكان تایبەت بۆ(kdp .info ) گوتی: دوای ئەوەی دوو رۆژ لە شاری هەولێر لەبەردەم بارەگای ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان دریژەمان بە مانگرتنەكەماندا، هەروەك پێشووتر بەڵێنمان پێدرابوو ئەمڕۆ سەفین دزەیی وتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی شوێنی مانگرتنەكەی كردین و ماوەیەك گفتوگۆمان كرد.
گوتیشی: نوێنەرەكەی حكوومەت پێیراگەیاندین كە هەوڵ دەدرێت بەزووترین كات یاسای مافی كەمئەندامان لەپەرلەمانی كوردستان هەمواربكرێتەوە، بەڵام سەبارەت بە داواكارییەكانی ئێمە گوتی: حكوومەت لە توانایدانییە لەكاتێكی زوودا ئەو داواكاریانە جێبەجێ بكات، بۆیە ئێمە پڕۆژەكەمان رادەستكردن و ماوەی مانگێك مۆڵەتمان داوەتە حكوومەت بۆ ئەوەی ئەو پڕۆژەیە جێبەجێ بكات.
بڕوا بەرزنجی




