ئەمەریكا لە ماوەی 3 ساڵی رابردوودا سێبەشی سەركردەكانی قاعیدەی لەناو بردووە

تایبەت بە kdp.info/ لەماوەی سێ ساڵی رابردوودا ئەمەریكا 20سەركردەی قاعیدەی لە ئەفغانستان و پاكستان لەناو بردووە. لە مبارەیەوە دانیل بنجامین بەڕێوەبەری نووسینگەی نەهێشتنی تیرۆر لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا رایگەیاند: ئەو كاتەی باراك ئۆباما لە كانوونی دووەمی ساڵی 2009حوكمی وڵاتی گرتە دەست، ئەوكات رێكخراوی قاعیدە ئوسامە بن لادن سەرۆكایەتی دەكرد, هەڕەشە و مەترسییەكی گەورە بوو بۆ سەر ئەمەریكا و جیهانیش، بەڕێوەبەری نووسینگەی نەهێشتنی تیرۆر لە ئەمەریكا هەروەها رایگەیاند: لەو ساتە وەختەدا رێكخراوی قاعیدە تاك هێزی دۆژمنكارانە بوو كە راستەوخۆ كردەی سەربازی و تیرۆریستی لە دژی ئەمەریكا جێبەجێ بكات، بەڵام لەوكاتەوە تائێستا، ئەمەریكا دەستەوەستان نەوەستاوە و بێجگە لەكوشتنی سەرۆكەكەی ئوسامە بن لادن، زیاتر لە بیست سەركردەی دیكەی رێكخراوەكەی لە ئەفغانستان و پاكستان لەناوبردووە و لە كۆتاییەكانی ئەمساڵیشدا هێزی قاعیدەی بەشێوەیەكی جدی بێ هێز كردووە.




