كۆمیسیۆنی پەنابەران: 100هەزار پەنابەری سووری و عێراقی لەهەرێمی كوردستانن

هەولێر / تایبەت بە kdp.info/ كۆمیسیۆنی باڵای سەر بەنەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری پەنابەران (UNHCR)رایگەیاند: بەپێی ئامارەكانی بەردەست 57هەزار پەنابەری سووری و 40هەزار پەنابەری عێراقی لە هەرێمی كوردستان ژیان بەسەر دەبەن،بەرپرسی لقی باكووری رێكخراوی (UNHCR)لە هەولێر بوشرا هالیبوتا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كە ئەمرۆ لە گەڵ جێگری بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رێكیخست، رایگەیاند كۆی ژمارەی پەنابەران لەعێراق گەیشتۆتە 66هەزار پەنابەر و تا مانگی ئازاری رابردووش ژمارەی پەنابەرەكانی نێو هەرێمی كوردستان 57هەزار پەنابەر بووە، كە لە دهۆك 41976پەنابەر، لە هەولێر12هەزار پەنابەر، لە سلێمانیش 3142پەنابەر هەن، لە درێژەی لێدوانەكەیدا بەرپرسی لقی باكووری رێكخراوی (UNHCR)لە هەولێر گووتی لەچاو ناوچەكانی دیكەی عێراق هەرێمی كوردستان زۆرترین پەنابەری سووری بەخۆوە گرتووە، لای خۆشییەوە دیندار زێباری بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند ویرای ئەوەی كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان پتر لە10ملیۆن دۆڵاری بۆ پێداویستییەكانی پەنابەرەكان سەرف كردووە، كەچی پێویستی پێداویستی پەنابەركان زۆر لەوە زیاترە، هاوكات دیندار زێباری لەكۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا:داوای هاریكاری پتری لەكۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ پەنابەران لە هەرێمی كوردستان كرد.




