نێچیرڤان بارزانى پێشوازى له باڵیۆزى ئه‌مه‌ریكا له سووریا كرد
دواى نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 18ى دیسه‌مبه‌رى 2012، نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له ڕۆبه‌رت فۆرد باڵیۆزى ئه‌مه‌ریكا له سووریا به یاوه‌ریى كونسولى ئه‌مه‌ریكى له هه‌رێمى كوردستان كرد.
له دیدارێكدا باس له ڕه‌وش و پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه به گشتى و بارودۆخ و ڕووداوه‌كانى ئه‌مڕۆى سووریا به تایبه‌تى كرا و پێشبینیى ئاراسته‌ى ڕووداوه‌كان و ڕه‌وشى وڵاته‌كه خرایه به‌ر باس و گفتوگۆ.
له‌مباره‌یه‌وه هه‌ردوولا دڵته‌نگى و نیگه‌رانیى خۆیان به‌رامبه‌ر به ڕه‌وشى ئاڵۆزى سووریا و ئه‌و كرده‌وه و ڕوودا‌وانه‌ى كه ڕۆژانه ده‌بنه مایه‌ى خوێنڕژان و كوشتنى خه‌ڵكى سڤیل له سووریا دووپات كرده‌وه و جه‌خت له سه‌ر پێویستیى دۆزینه‌وه‌ى ڕێگه‌چاره‌یه‌ك بۆ نه‌هێشتنى ئه‌و ڕه‌وشه ئاڵۆزه و كۆتایى هێنان به‌و بارودۆخه مرۆییه ناله‌باره‌ى هه‌یه، كرایه‌وه.




