نێچیرڤان بارزانى: دەبێ به‌غدا له سه‌ر بنه‌مای هاوبه‌شی و شه‌راکه‌تدا مامه‌ڵه له گه‌ڵ هه‌رێمى کوردستاندا بکات

پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 23ى ئایارى 2012، به سه‌رۆکایه‌تیى نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆکی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و به ئاماده‌بوونى عیماد ئه‌حمه‌د جێگرى سه‌رۆکى حکوومه‌ت؛ کۆبوونه‌وه‌ى ژماره پێنجى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان به‌ڕێوه چوو که تیایدا سه‌ردانى شاندى حکوومه‌تى هه‌رێم بۆ ناوچه‌ى شه‌نگال و چه‌ند بابه‌تێکى تر‌ى په‌یوه‌ندیدار به کاروبارى وه‌زاره‌ته‌کانى حکوومه‌تى هه‌رێمه‌وه؛ تاتوێ کرا و چه‌ند بڕیارێکى گرنگ درا.
له سه‌ره‌تاى کۆبوونه‌وه‌که‌دا سه‌رۆکى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان باسی سیاسه‌تی ناده‌ستووریانه‌ی حکوومه‌تی فیدرالیی عیراق کرد به‌رامبه‌ر خه‌ڵکی کوردستان له ڕووی سووته‌مه‌نییه‌وه و، پێداگیری له سه‌ر ئه‌وه کرد که ده‌بێ وه‌زاره‌تی نه‌وتی عیراق و حکوومه‌تی فیدرالیی عیراق له سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور و هاوبه‌شبوونی گه‌لی کوردستان له سامان و داهاته‌کانی عیراقدا ته‌ماشای هه‌رێمی کوردستان بکات، نه‌ک بگه‌ڕێته‌وه سه‌ر په‌یڕه‌وکردنی سیاسه‌تی ڕژێمی دیکتاتۆریی سه‌ددام حوسێن که به هۆی ناکۆکییه سیاسییه‌کانه‌وه؛ ئابڵووقه‌ی سووته‌مه‌نی و ئابووری ده‌خسته سه‌ر گه‌لی کوردستان. ئه‌و سیاسه‌ته سیاسه‌تێکی ناده‌ستوورییه و دژی بنه‌مای هاوبه‌شی نیشتمانییه، هه‌روه‌ها ده‌بێته هۆی دروستبوونی ڕقێکی زۆر به‌رامبه‌ر حکوومه‌تی فیدرالیی عیراق له کوردستاندا که ئێمه ئه‌وه به به‌رژه‌وه‌ندیی گه‌لی عێراق و پێشکه‌وتنی ئابووری و پرۆسه‌ی سیاسی و چاره‌سه‌ری ته‌نگژه‌کانی عێراق نا‌زانین.
نێچیرڤان بارزانى هه‌روه‌ها گوتی: حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و گه‌لی کوردستانیش له گه‌ڵیدا، سیاسه‌تی منه‌ت به‌سه‌ره‌وه‌کردن و مه‌کره‌مه‌کاری ڕه‌ت ده‌کاته‌وه، به‌ڵکوو ئێمه ده‌مانه‌وێ له سه‌ر بنه‌مای هاوبه‌شی و شه‌راکه‌تدا مامه‌ڵه له گه‌ڵ گه‌لی کوردستاندا بکرێت که هه‌ر ته‌نیا ئه‌وه‌ش له ده‌ستووری عیراقدا هه‌یه، نه‌ک به‌شی گه‌لی کوردستان وه‌ک مه‌کره‌مه بدرێته‌وه گه‌لی کوردستان، که ئه‌وه سیاسه‌تی ڕژێمی پێشووی عیراق بوو له مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ گه‌لی کوردستان و گه‌لی عیراق به گشتی، ئه‌و مه‌نتق و سیاسه‌ت و مامه‌ڵه‌کردنه‌ش به‌رامبه‌ر به گه‌ل کاتی به سه‌ر چووه.
هه‌روه‌ها سه‌رۆکی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان جه‌ختی له سه‌ر ئه‌وه کرده‌وه، که حکوومه‌تایه‌تیکردن و ناکۆکیی سیاسی و ڕقهه‌ڵگرتن له به‌رامبه‌ر به‌شێک له گه‌ل، ده‌بێ دوور بێ له کاری حکوومه‌تایه‌تی له وڵاتێک‌دا که خۆی به دیموکراسی بناسێنێ.
دوای گوێگرتن له وه‌زیری سامانه سروشتییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆکی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان رایگه‌یاند: ئێمه داوا له حکوومه‌تی فیدرالیی عیراق ده‌که‌ین، به پێی ڕێککه‌وتنی ساڵی 2011 که له نێوان حکوومه‌تی فیدرالیی عیراق و حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستاندا کراوه، بجووڵێته‌وه که به داخه‌وه هه‌ر له کاتی مۆرکردنیشیدا؛ له لایه‌ن حکوومه‌تی فیدرالیی عیراقه‌وه به ته‌واوی جێبه‌جێ نه‌کرا.
هه‌روه‌ها گوتیشی: ڕۆژانه 600 تاوه‌کو 700 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی خاو له هه‌ردوو پاڵاوگه‌ی بێجی و دۆره ده‌پاڵێورێن که له ئه‌نجامدا به‌نزین، نه‌وتی سپی، گازوایل، نه‌وتی ڕه‌ش و به‌رهه‌می دیکه‌ی لێ به‌رهه‌م ده‌هێنرێ. له سه‌ر بنچینه‌ی ڕێژه‌ی 17%ی به‌شی هه‌رێمی کوردستان، ده‌بێ له‌و نه‌وته 140 هه‌زار به‌رمیلی نه‌وته خاوه‌که و به‌رهه‌مه نه‌وتییه‌کانی دوای پاڵاوتنی؛ وه‌ک به‌شی هه‌رێمی کوردستان بدرێن به هه‌رێمی کوردستان له‌و 700 به‌رمیله‌ی له هه‌ردوو پاڵاوگه‌که ده‌پاڵێورێن. به‌ڵام به‌داخه‌وه ئه‌و به‌شه هیچ کاتێک به ته‌واوی نه‌دراوه‌ته هه‌رێمی کوردستان. له سه‌ره‌تای ئه‌مساڵیشه‌وه نه‌وتی ڕه‌ش له هه‌رێمی کوردستان بڕدراوه، هه‌روه‌ها له سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه له به‌رهه‌مه‌کانی دیکه‌ش به نه‌وتی سپی، گازوایل و به‌نزینه‌وه، ته‌نیا 33 هه‌زار به‌رمیل ڕۆژانه دراوه‌ته هه‌رێمی کوردستان، ئه‌مه‌ش له دوای بڕیاری حکوومه‌تی عیراق له 21ی ئه‌م مانگه‌دا بۆ بڕینی هه‌موو سووته‌مه‌نییه‌ک له هه‌رێمی کوردستان؛ بۆ که‌متر له 15 هه‌زار به‌رمیل؛ که‌م کراوه‌ته‌وه.
سه‌رۆکى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان داکۆکى له‌وه کرده‌وه که ئه‌و سووته‌مه‌نییه‌ی حکوومه‌تی فیدرالیی عیراق له سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه ناردوویه‌تی به هیچ شێوه‌یه‌ک به‌شی به‌کاربردنی ڕۆژانه‌ی هاووڵاتیان، کارگه‌کان و وێستگه‌کانی کاره‌با له هه‌رێمی کوردستانی نه‌کردووه و ناکات. حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان به هه‌وڵ و توانای پاڵاوگه ناوخۆییه‌کان و به هێنانی سووته‌مه‌نی له ده‌ره‌وه تاکوو ئێستا توانیویه‌تی ئه‌و پێداویستییه ناوخۆییانه دابین بکات. به‌ڵام به داخه‌وه حکوومه‌تی فیدرالیی عیراق هه‌وڵێکی زۆری له‌گه‌ڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران داوه که ڕێگه به هه‌رێمی کوردستان نه‌دات ئه‌و سووته‌مه‌نیه‌ی له ده‌ره‌وه ده‌یکڕێت به ئێران‌دا تێبپه‌ڕێت بۆ پڕکردنه‌وه‌ی پێداویستییه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان.
ئێمه لێره‌دا سوپاسی کۆماری ئیسلامی ئێران ده‌که‌ین له سه‌ر هه‌ڵوێستی له ڕێگه‌دان به هاتنی سووته‌مه‌نی له ڕێگه‌ی ده‌روازه سنوورییه‌کانییه‌وه وه‌ک ترانزێت بۆ هه‌رێمی کوردستان له ڕوانگه‌ی له‌به‌رچاوگرتنی دراوسێیه‌تیی باش و پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیی هاووڵاتیانی هه‌رێمی کوردستان. به‌ڕاستیش پێمان سه‌یره که حکوومه‌تی فیدرالی عیراق سه‌ره‌ڕای به‌جێنه‌هێنانی ئه‌رکه‌کانی به‌رامبه‌ر خه‌ڵکی کوردستان، هه‌وڵ ده‌دات وڵاتانی دراوسێش ڕێگه‌ی دابینکردنی پێداویستییه‌کانی ژیانی هاووڵاتیانی هه‌رێمی کوردستان نه‌ده‌ن.
نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆکی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان هه‌روه‌ها رایگه‌یاند: هه‌رێمی کوردستان بۆ دابینکردنی سووته‌مه‌نی بۆ پێداویستیی ڕۆژانه‌ی هاووڵاتیان و دابینکردنی کاره‌با، به‌شێکی که‌متر له 17%ی به‌شی هه‌رێمی کوردستانی له بیره نه‌وته‌کانی ده‌رهێناوه، له‌و نه‌وته‌ی عێراق ده‌یپاڵێوێ بۆ دابینکردنی سووته‌مه‌نی ناوخۆیی، ئه‌وه‌شى له پاڵاوگه ناوخۆییه‌کانی هه‌رێمی کوردستاندا پاڵاوتووه، بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌و به‌رهه‌مه‌ی له ده‌ره‌وه ده‌یکڕێت، به‌شی پڕکردنه‌وه‌ی پێداویستییه‌کانی ژیانی هاووڵاتیان بکات، وه‌ک ئه‌رکێکی حکوومه‌ت به‌رامبه‌ر هاووڵاتیانی. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ناچاربین ئه‌وا په‌نا ده‌به‌ینه به‌ر ناردنی نه‌وتی خاویش بۆ ده‌ره‌وه، بۆ دابینکردنی پێداویستییه ناوخۆییه‌کان. بۆیه‌شه داوا له حکوومه‌تی فیدرالیی عیراق ده‌که‌ین، به پێی ده‌ستوور ئه‌رکی خۆی به‌رامبه‌ر خه‌ڵکی کوردستان جێبه‌جێ بکات.
هه‌روه‌ها سه‌رۆکی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان گوتى: له سه‌ردانی ئه‌و دواییه‌یدا بۆ کۆماری تورکیا، سیاسه‌تێکی زۆر دۆستانه‌ی به‌رامبه‌ر ژیانی ڕۆژانه‌ی خه‌ڵکی هه‌رێمی کوردستان له لایه‌ن به‌رپرسانی تورکیاوه به‌دی کرد، ئه‌وه‌ش ئاسۆیه‌کی فراوانتر بۆ په‌یوه‌ندیی نێوان هه‌ردوولا و فراونتربوونی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی نێوان هه‌ردوو گه‌لی دراوسێ له پێناو ژیانێکی پێشکه‌وتوو و دواڕۆژێکی باشتر؛ دابین ده‌کات.
سه‌رۆکی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان زیاتریش گوتى: بڕیاری حکوومه‌تی عیراق بۆ ڕاگرتنی هاتنی ئه‌و بڕه سووته‌مه‌نییه زۆر که‌مه‌ش که ئێستا ده‌ینێرێ بۆ هه‌رێمی کوردستان له 21ی ئه‌م مانگه‌دا، هه‌روه‌ها ڕاگرتنی کارکردن به‌و بڕیاره بۆ ماوه‌ی مانگێگ به شێوه‌یه‌کی کاتی، ئه‌وا ئێمه ده‌ڵێین: بڕینی سووته‌مه‌نی له هه‌رێمی کوردستان به کارێکى یاسایی و نیشتمانی نا‌زانین، ڕاگرتنی کارکردنیش به‌و بڕیاره بۆ ماوه‌ی یه‌ک مانگ؛ وه‌ک چاکه و مه‌کره‌مه‌یه‌ک قبووڵ ناکه‌ین، چونکه به پێی ده‌ستوور ئه‌وه مافی خۆمانه که به پێی هاوبه‌شیمان له‌و وڵاته‌دا مافی خۆمان وه‌ربگرین و ئێمه هاووڵاتی پله دوو نین.
نێچیرڤان هه‌روه‌ها گوتى: هه‌ر لێره‌شه‌وه داوا له هه‌موو به‌رپرسانی کورد له وه‌زاره‌تی نه‌وت و حکوومه‌تی فیدرالی عیراق ده‌که‌ین که به ئه‌رکی خۆیان هه‌ڵبستن له‌وه‌ی که حکوومه‌تی عیراق ئه‌رکه‌کانی به‌رامبه‌ر خه‌ڵکی هه‌رێمی کوردستان جێبه‌جێ بکات. هه‌روه‌ها داوا له حکوومه‌تی فیدرالیی عیراقیش ده‌که‌ین که گوشارهێنان بۆ ژیانی هاووڵاتیان نه‌کاته چه‌کی ناکۆکیی نێوان لایه‌نه سیاسییه‌کان. ده‌بێ حکوومه‌تایه‌تیکردن به ڕه‌چاوکردنی یه‌کسانی له نێوان گه‌لی عێراق دا؛ دوور بێ له ململانێی سیاسی.
هه‌ر له کۆبوونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیراندا؛ سه‌ردانى ئه‌و شانده‌ى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان که دوێنێ له سه‌ر فه‌رمانى سه‌رۆکى حکوومه‌ت به سه‌رۆکایه‌تیى عیماد ئه‌حمه‌د جێگرى سه‌رۆکى حکوومه‌ت و به یاوه‌ریى ژماره‌یه‌ک له وه‌ز‌یران سه‌ردانى ناوچه‌ى شه‌نگالیان کرد؛ خرایه به‌ر باس.
له وته‌یه‌کدا جێگرى سه‌رۆکى حکوومه‌ت؛ وێڕاى گرنگیى شه‌نگال و ناوچه دابڕاوه‌کانى تر‌ى هه‌رێمى کوردستان، ئه‌نجامى به‌سه‌رکردنه‌وه و دیدار و کۆبوونه‌وه‌کانى شاندى حکوومه‌تى له ناوچه‌ى شه‌نگال و که‌موکوڕى و پێداویستییه‌کانى ڕوون کرده‌وه و ئاماژه‌ى به‌وه دا که نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆکى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان بودجه‌یه‌کى بۆ ناوچه‌ى شه‌نگال داناوه، به‌ڵام بێجگه له‌و بودجه‌یه؛ ده‌بێ هه‌ر وه‌زاره‌تێکیش لاى خۆیه‌وه کار بۆ ئه‌و ناوچه‌یه بکه‌ن.
هه‌ر له ده‌ره‌نجامى ئه‌و سه‌ردانه‌ى شاندى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان بۆ ناوچه‌ى شه‌نگال؛ بڕیار درا که ڕێگه‌یه‌کى تازه له پارێزگاى دهۆکه‌وه بگه‌یه‌نرێته شه‌نگال بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و ناوچه‌یه باشتر و له شوێنێکى ئارامتره‌وه به هه‌رێمى کوردستانه‌وه ببه‌سترێته‌وه.
له ته‌ورێکى تر‌ى کۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیراندا، باس له په‌یوه‌ندى و هه‌ماهه‌نگیى نێوان حکوومه‌ت و په‌رله‌مان کرا و له‌مباره‌یه‌وه سه‌رۆکى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان ڕایگه‌یاند: کاره‌کان نابێ تێکه‌ڵ بکرێن، ناکرێ په‌رله‌مان کارى حکوومه‌ت و حکوومه‌ت کارى په‌رله‌مان بکات. داموده‌زگاکان هه‌ر یه‌که و ده‌بێ کارى خۆیان بکه‌ن و ده‌ست نه‌خه‌نه کارى یه‌کتره‌وه.
هه‌ر بۆ باشتر به‌ڕێوه‌چوون و ڕێکخستنى په‌یوه‌ندى و هه‌ماهه‌نگیى په‌رله‌مان و حکوومه‌تیش؛ سه‌رۆکى حکوومه‌ت داکۆکى له‌وه کرده‌وه که ده‌بێ نووسینگه‌ى په‌یوه‌ندیى نێوان په‌رله‌مان و حکوومه‌ت کاراتر بکرێت و کاره‌کان باشتر ڕێک بخرێن.
نێچیرڤان بارزانى؛ ده‌رباره‌ى کار و سیسته‌مى کارى وه‌زاره‌ته‌کانیش گوتى: سیسته‌مى کارى وه‌زاره‌ته‌کان خراپه و ڕۆتینێکى زۆر هه‌یه که ده‌بێ چاره‌سه‌ر بکرێ. بۆ ئه‌مه‌ش وه‌زاره‌ته‌کان ده‌بێ ببنه تیم و هه‌ماهه‌نگییان له جێبه‌جێکردنى ئه‌و کارنه‌دا هه‌بێت که تیایاندا هاوبه‌شن. ده‌بێ بیرۆکراسى نه‌هێڵرێ و ئه‌و یاسانه‌ش که که‌موکوڕیان هه‌یه، هه‌موار بکرێنه‌وه. هه‌روه‌ها هه‌موو وه‌زاره‌ته‌کان به یاسا و به‌رنامه‌کانیاندا بچنه‌وه و ئه‌وه‌ى پیێویست بوو هه‌موار بکرێته‌وه، یان بگۆڕدرێت.
هه‌ر له کۆبوونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیراندا، بڕیار درا که وه‌زیره‌کان هه‌فتانه سه‌ردانى پارێزگاکان بکه‌ن و له نزیکه‌وه که‌موکوڕى و پێدوایستییه‌کانى ناوچه‌کان به سه‌ر بکه‌نه‌وه و به هاوکارى و هه‌ماهه‌نگى له نێوان وه‌زاره‌ته‌کاندا، چاره‌سه‌ر بکرێن. هه‌روه‌ها بڕیار درا که ڕێنماییه‌کانى وه‌زاره‌تى دارایى له هه‌موو پارێزگاکانى هه‌رێمى کوردستان یه‌ک بخرێنه‌وه و ودواى یه‌کگرتنه‌وه‌ى داموده‌زگاکانى وه‌زاره‌تى دارایى؛ ئیتر هیچ جیاوازییه‌ک له نێوان ڕێنماییه‌کانیدا نه‌مێنێت.
له کۆتایى کۆبوونه‌وه‌که‌دا به‌رنامه‌ى وه‌زاره‌تى کار و کاروبارى کۆمه‌ڵاتى بۆ چاکسازى و مووچه‌ى چاودێریى خێرانى له که‌مده‌رامه‌ته‌کان، خاوه‌ن پێداویستییه تایبه‌ته‌کان، بێکار و کاربه‌ره‌کان په‌سند کرا و بڕیارى پێکهێنانى چه‌ند لیژنه‌یه‌ک درا بۆ ئه‌وه‌ى به هه‌موو ده‌رماڵه‌کان و به‌و مووچه هه‌مه‌جۆرانه‌شدا بچنه‌وه که له ڕێگه‌ى وه‌زاره‌تى کار و کاروبارى کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه دابه‌ش ده‌کرێن.
ده‌رباره‌ى ئه‌م پرسه‌ش؛ نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆکى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان داکۆکى له‌وه کرده‌وه که ده‌بێ پێوه‌ر بۆ پێدانى مووچه‌ى چاودێریى خێزان دابنرێ و مووچه‌که به بێ هیچ جیاوازییه‌ک بدرێته خه‌ڵکى شایان و موسته‌حه‌ق و ئه‌وانه‌ى که به ڕاستى پێویستیان پێیه.




