Kdp.info چەند زانیاریەك لەبارەی مەترسی چارەنووسی كورد لە ناوچە كوردستانییەكان لە دەرەوەی هەرێمی كوردستان بڵاودەكاتەوە

بڕوا بهرزنجی ههولێر-تایبهت به kdp.info: هاووڵاتیانی كورد كەمتەرخەمن لەتۆماركردنی ناوەكانیان لە تۆماری دەنگدەران
لە سەرەتای ئەم مانگە تاوەكو 28-12-2012 ژمارەیەك لە بنكەی تۆماری دەنگدەران لە لایەن كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەكان كراوەتەوە بەمەبەستی تۆماركردنی ناوی ئەو هاووڵاتیانەی تاوەكو ئێستا ناویان تۆمارنەكراوە یاخود هەڵە لە ناوەكانیان هەیە بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق جگە لە هەرێمی كوردستان، بەڵام بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست kdp.info كەوتووە رێژەی ئەو هاووڵاتییە كوردانەی كە سەردانی بنكەكانی تۆماری دەنگدەرانیان كردووە لە ئاستێكی نزمدایە و ئەمەش بەمەترسی بۆ سەر چارەنووسی كورد لە ناوچە كوردستانییەكان لە دەرەوەی هەرێمی كوردستان دەشكێتەوە.
سەبارەت بە ئەو زانیاریانە خەسرۆِگۆران بەرپرسی هەڵبژاردنەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان تایبەت بۆ (kdp.info) گوتی "ئێمە هەستمان بە سستی ئەو هاووڵاتییە كوردانە كردووە كە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق دەیانگرێتەوە لە سەردانیكردنی بنكەكانی تۆماری دەنگدەران لە پێناو تۆماركردن و راستكردنەوەی ناوەكانیان و ئێمە داوا لە راگەیاندنەكان و مامۆستایانی ئاینی و لایەنە سیاسییەكان دەكەین كە هەوڵی زیاتر بۆ ئاگاداری و هۆشیاركردنەوەی هاووڵاتیان لەو بابەتە گرنگە بدەن.
ناوبراو گوتیشی "كەمتەرخەمییەكە زیاتر لەو هاووڵاتیە كوردانەدایە كە ئاوارەی پارێزگاكانی هەولێر و سلێمانی و دهۆك بوونە، ئەو هەڵبژاردنەش دەیانگرێتەوە.
لەلایەن خۆشییەوە عەبدولرەحمان خەلیفە بەرپرسی پەیوەندییە جەماوەرییەكانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بۆ kdp.info گوتی "هەرچەندە ئێمە زانیاری تەواومان لەسەر رێژەی ئەو كەسانەی تاوەكو ئێستا سەردانی بنكەكانی تۆماری دەنگدەرانیان كردووە لەبەردەستدا نییە، بەڵام وەكو پێشوو پێشبینی دەكرێـت هاووڵاتیان زیاتر لە رۆژەكانی كۆتایی زیاتر سەردانی بنكەكان بكەن بۆ تۆماركردنی ناوەكانیان و ئێمەش لە كۆتاییدا رێژەكەمان بۆ ئاشكرا دەبێت و رۆژی 28ی ئەم مانگە دوا رۆژی فورسەتە بۆ تۆمارکردنت ناوەکان و بنکەکان تەنیا تاکە ئەو کاتە كراوەن.
سەبارەت بە كەمتەرخەمی میدیا كوردییەكان لەمەڕ ئاگاداركردنەوەی هاووڵاتیان لە بابەتەكە ناوبراو گوتی "بەوپێیەی ئەو هەڵبژاردنە زیاتر پارێزگا و ناوچە عەرەبیەكان دەگرێتەوەو هەرێمی كوردستان و كەركوكیش ناگرێتەوە، بۆیە لە راگەیاندنە كوردییەكان گرنگییەكی ئەوتۆی پێنەدراوە و لە میدیا عەرەبییەكان پتر بایەخی پێدراوە.




