رۆژانە 7 تا 10 كۆچەری نایاسایی عێراقی لە پێناو گەیشتنیان بە ئەورووپا لە رێگاكان گیان لەدەست دەدەن

بەغدا - تایبەت بە kdp.info: سەرچاوەیەكی دبلۆماسی لە حكوومەتی ناوەندی بەغدا رایگەیاند: بەپێی ئامارەكانی بەردەست رۆژانە ( 7 – تا 10 ) كۆچەری عێراقی لە رێگا جیاجیاكان بۆ ئەورووپا گیان لە دەست دەدەن، ئەو سەرچاوە دبلۆماسییە كەنەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت، بە شەفق نیوزی راگەیاند: حكوومەتی ناوەند سەرەڕای بوونی زانیاری تەواو لەسەری، كە رۆژانە ( 7 – تا 10 ) كۆچەری نایاسایی عێراقی بۆ ئەورووپا لە رێگاكان گیان لەدەست دەدەن، كەچی بێدەنگی و بێ هەڵوێستی لەبەرامبەر ئەو كەسانە هەڵبژاردووە، كە خەڵكی بە نایاسایی رەوانەی ئەو ریگا مەترسیدارە دەكەن، ئەو سەرچاوەی حكوومەت گوتیشی: زۆربەی كۆچەرەكانی عێراقی بەرەگەز عەرەبن، لە دەریای نێوان توركیا و یۆنان بەهۆی وەرگەڕان و نقومبوونی گەمییە بچووكەكانی قاچاغچییەكانەوە گیان لەدەست دەدەن،شایەنی باسە دوو رۆژ لەمەوبەر پۆلیسی یۆنان رایگەیاند: بە هۆی نوقم بوونی گەمییەك لە نزیك دوورگەیەكی یۆنان 15 كۆچەری عێراقی گیانیان لەدەستدا و ژمارەیەكی دیكەش بێسەر و شوێن بوون.




