عێراقییە گەندەڵی گرێبەستێكی كرینی چەند فرۆكەیەكی ئەمەریكی لە ساڵی 2008 ئاشكرا دەكات

بەغدا - تایبەت بە kdp.info: لیستی ئەلعێراقییە بەسەرۆكایەتی ئەیاد عەللاوی، گەندەڵی گرێبەستێكی كرینی چەند فرۆكەیەكی ئەمەریكی كە لە ساڵی 2008 بەبڕی ملیارێك و 500 ملیۆن دۆلار ئیمزاكراوە، ئاشكرا دەكات، گوتەبێژی لیستی ئەلعێراقییە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كە ئەمرۆ دووشەممە لە بارەگای ئەنجوومەنی نوێنەران لە بەغدا سازی كرد، گوتی: دوای بەدواداچوونمان لەسەر دۆسیەی گرێبەستی كرینی 6 فرۆكەی گواستنەوەی سەربازی، لەجۆری (130جەی) لە گەڵ كۆمپانیای لۆك هیت مارتنی ئەمەریكی، بۆمان دەركەوت، كە گرێبەستەكە گەندەڵی تێدا كراوە و نرخی ئەو فرۆكانەشی كە ئیمزای لەسەر كراوە، زۆر گرانترە لەوەی كە چەند ووڵاتێكی تر هەمان جۆری فرۆكەیان كریوە، حەیدەر موللا گوتیشی: وەزارەتی بەرگری عێراق لە ساڵی 2008 دا ئەو گرێبەستەی ئیمزا كردووە، نرخی هەر فرۆكەیەك بە 250 ملیۆن دۆلار خەمڵاندووە، كەچی هەمان فرۆكە لەهەمان كۆمپانیا بە 98 ملیۆن دۆلار بە وڵاتانی وەك قەتەر و ئیمارات فرۆشراوە،لە كۆتایی كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا موللا رایگەیاند: بەدواداچوونی زیاتر لەسەر ئەم گرێبەستە دەكەین و پێشمان وایە ئەو كارە سەرەڕای گەندەڵییەكەی، كاری دزینی سەروەت و سامانی عێراقی بەشێوەیەكی رێكخراو بۆ كراوە.




