عبدولسەلام بەرواری : ئەو كەسەی ئەمرۆ بۆ سەرۆكی دەستەی مافی مرۆڤ دەستنیشانكرا نە پارتیەو نە یەكێتی

ههولێر- تایبهت به kdp.info : ئەمڕۆ پەرلەمانی كوردستان دانیشتنێكی ئاسایی خۆی لەبارەی دەستنیشانكردنی سەرۆكی دەستەی مافی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان سازدا، بەڵام لەكاتی دەنگدانی زۆرینەی ئەندامانی پەرلەمان بۆ دەستنیشانكردنی كاندیدێكی نەتەوەی ئاشوری ئەندامانی فراكسیۆنەكانی ئۆپۆزسیۆن مێزەكانی بەردەمیان كوتاو دواتر هۆڵی پەرلەمانیان جێهێشت.
عەبدولسەلام بەرواری ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەلیستی كوردستان تایبەت بۆ(kdp.info) وتی" یەكێك لە خاڵەكانی دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمان بریتی بوو لە دەنگدان لەسەر پاڵێوراو (زیا پترۆس) لە نەتەوەو حزبی ئاشوری بۆ سەرۆكی دەستەی مافی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان، لەكاتی دەنگداندا زۆرینەی ئەندامانی پەرلەمان دەنگیان بە پاڵێوراوەكە دا، لەبەر ئەوەی بەچاو دیار و ئاشكرا بوو كە رێژەی دەنگە بەڵێیەكان لە نەخێرەكان زیاترە بەوهۆیەوە سەرۆكی پەرلەمان دەنگەكانی نەژمارد و فراكسیۆنەكانی ئۆپۆزسیۆن ئەو هەلەیان قۆستەوەو بە مێزەكانی بەردەمیان كێشا و نارەزاییان دەبڕی، گوایە كاندیدكردنی ئەو كەسە نایاساییە لە كاتێكدا هەموو مەرجە یاساییەكان لەوكەسەدا هەبوو و لەنێو كۆمەلێك كاندید هەڵبژێردراوە.
ناوبراو وتیشی" ئەمڕۆ فراكسیۆنەكانی ئۆپۆزسیۆن هۆكاری ناڕەزاییەكانیان دەگێڕایەوە بۆ ئەوەی گوایە پاڵێوراوەكەی سەرۆكی دەستەی مافی مرۆڤ بە تەسكیەی حزبی دەستنیشانكراوە لەكاتێكدا بەرێز( زیا پترۆس) نە پارتی و نە یەكێتییە بەڵكو بە نەتەوە ئاشوریەو هەشت پارت و لایەنی مەسیحی ئەویان بە كاندیدی خۆیان هەڵبژاردبوو و ئەمەش لە میانەی دانیشتنەكەی ئەمرۆی پەرلەمان لەلایەن نوێنەرانی ئەو لایەنانەوە دووپاتكرایەوە.




