جێگری پارێزگاری هەولێر: بۆ پێشوازی کردن لە ساڵی 2013 ئامادەکاریی تەواومان کردووە

ههولێر- تایبهت به: kdp.info: بۆ ساڵی 2013، واچاوەڕوان دەکرێت هەولێری پایتەخت بە چەندین جۆری ڕووناکی و یاریی ئاگرین، پێشوازیی لەساڵی نوێدا بکات.
لەمبارەیەوە تاهیر عەبدوڵڵا جێگری پارێزگاری هەولێر بە kdp.info ی ڕاگەیاند: ئامادەکاریی تەواومان کردووە بۆ پێشوازی کردن لە ساڵی 2013 و بۆ ئەو مەبەستەیش بڕی 120 ملیۆن دینارمان تەرخانکردووە بۆ جوانکاری و یاریی ئاگرین لەشەوی سەری ساڵی نوێدا.
هەروەها تاهیر عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوەشدا کە لە بواری ئەمنی و پاراستنی سەروسامانی هاووڵاتیان لیژنەی تایبەت دانراوەوە و بۆئەو مەبەستە گشت ئامادەکارییەک کراوە.
جێگای باسە وەک نەریتێک لە شاری هەولێر ساڵانە ئامادەکاریی بۆ پێشوازیکردنی ساڵی نوێ بەڕێوە دەچێت، کە تێیدا شەقامەکانی شار بەجوانترین شێوە دەڕازێنرێنەوە و یاریی ئاگرین و چەندین چالاکیی دیکە لە لایەن پارێزگای هەولێر و کەرتی تایبەتەوە پێشکەش دەکرێت.




