ڕێكخراوی زمانناسی پۆلێك لە خانمە زمانناسەكانی هەرێمی كوردستانی خەڵاتكرد

ئەمڕۆ شەممە 15/12/2012 بەچاودێری دكتۆر كاوە مەحموود وەزیری ڕۆشنبیری و بەئامادەبوونی سەلام ناوخۆش سەرۆكی رێكخراوی زمانناسی بۆ پەرەپێدانی زمان و ژمارەیەك لە ئەكادیمی و پسپۆڕانی زمان و رۆشنبیران و رۆژنامەنووسان، ڕێكخراوی زمانناسی دووەمین خەڵاتی ڕێزلێنانی زمانناسانی بۆ ژمارەیەك ئافرەتی پسپۆڕی بواری زمان ئەنجامدا.
دكتۆر كاوە مەحموود لە دەستپێكی ئەم مەراسیمەدا دەستخۆشی لە رێكخراوی زمانناسی كرد وەك یەكێك لە ئەكتیڤترین رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی لە هەرێمی كوردستاندا، كە تا ئێستا چەندین چالاكی گرنگی بۆ پەرەپێدانی زمانی شیرینی كوردی ئەنجامداوەو پاڵپشتی حكومەتی هەرێمی كوردستانیشی بۆ هەوڵ و كۆششەكانی رێكخراوی زمانناسی دووپاتكردەوە.
نەریمان خۆشناو جێگری سەرۆكی رێكخراوی زمانناسی وێڕای بەرزنرخاندنی هەوڵ و ماندووبوونی ئەم خانمانە لە پەرەپێدانی زمان، ئاماژەی بۆ ئەوەكرد كە لە وەرزی داهاتووی چالاكییەكانی رێكخراوەكەیاندا چەندین بەرنامەی تریان بەدەستەوەیە بۆ پەرەپێدانی زمانی كوردی و ئاماژەشی بۆ ئەوەكرد، ئەم خەڵاتكردنە وەكو وەڵامێكە بۆ دەنگۆی داخستنی بەشی كوردی لە زانكۆكانی بەغدا، ئێمە دەبێ زیاتر بایەخ بە زمانەكەمان بدەین كە لەلایەن دوژمنانمانەوە هەوڵی لاوازكردن و نەهێشتنی دەدرێت.
لەلایەن خۆیانەوە خانمە زمانناسە خەڵاتكراوەكان ئەم دەستپێشخەرییەی رێكخراوی زمانناسیان بە گرنگ و پڕبایەخ وەسفكردو، دووپاتیان كردەوە ئەم رێزلێنانە ئەركیان قوورستر دەكات و زیاتر هانیان دەدات بۆ ئەفراندن و داهێنان و توێژینەوەو لێكۆڵینەوەی زانستی لە بواری زمان.
شایانی باسە خانمە خەڵاتكراوەكان لە تەواوی ناوچەكانی هەرێمی كوردستان بوون و بریتی بوون لەم خانمە زمانناسە بەڕێزانە:
پ. د. نەسرین محەمەد فەخری/ زانكۆی بەغدا
پ. د. شوكریە ڕەسوڵ/ هەولێر
پ. د. فاتیمە ڕەشید حەسەن/ زانكۆی سەلاحەددین
پ. ی. د. كوردستان موكریانی/ هەولێر
د. لەیلا جەلیل عەباس/ زانكۆی كەركووك
د. ڤیان سلێمان حاجی/ یەكێتی ئافرەتانی كوردستان
د. مهاباد كامیل عەبدوڵڵا/ زانكۆی سلێمانی
پ. ی. د. شلێر ڕەسووڵ بەرزنجی/ زانكۆی سەلاحەددین
پ. ی. د. ساجیدە عەبدوڵڵا فەرهادی/ زانكۆی سەلاحەددین




