بەغدا.. ئەمرۆ لە كۆبوونەوەیەكدا ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگ لەسەر دوو پرۆژە یاسا دەدات

بەغدا/ تایبەتە بە kdp.info/ هەردوو پرۆژە یاسای ئەنجوومەنی باڵای دادوەری و دادگای ئیتیحادی، ئەمرۆ لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەخرێتە دەنگدانەوە و پەرلەمانتارانیش دەنگی لەسەر دەدەن. پاش ئەوەی رۆژی پێنجشەممە، سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران بریاری دواخستنی دانیشتنەكەی بۆ رۆژی شەممە دا، بڕیارە ئەمرۆ ئەو دوو پرۆژە یاسایە جارێكی دیكە بخرێتە دەنگدانەوە، كە پێشر بەهۆی ناكۆكی نێوان كوتلە سیاسییەكانی نێو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق چەندین جار دەنگدان لەسەر ئەو دوو پرۆژەیە دواخرابوو، بڕیارە هەر لە كۆبوونەوەكەی ئەمرۆ دا، وەزیری "وەرزش و گەنجان "ی عێراق میوانداری بكرێت، بەمەبەستی بەدواداچوونی كاری وەزارەتەكەی، هاوكات چاوەڕوان دەكرێت، ئەنجوومەنی نوێنەران لەسەر پرۆژە بڕیارێك بۆ قەدەغەكردنی شەڕی ناوخۆو رێگاگرتن لە بەكارهێنانی هێز لە ناكۆكییە سیاسییەكاندا گفتوگۆ بكات.




