سەركردەیەكى عێراقییە: سەرەتاى قۆناغى دواى مالیكى دەستى پێكردووە

گۆتیارى بزووتنەوەوى ویفاقى نیشتمانیى كە ئەیاد عەلاوى سەرۆكى لیستى عێراقییە سەرۆكایەتى دەكا و یەكێكە لە پێكهاتەكانى ئەو لیستە، راى گەیاند قۆناغى پاش نوورى مالیكى سەرۆك وەزیران دەستى پێكردووە و كەسانى شایستەتر لە مالیكى هەن بۆ سەرۆكایەتیكردنى حكوومەت.
هادى ئەلزاڵمى بە ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ى راگەیاند "سەرەتاكانى قۆناغى پاش مالیكى دەستى پێكردووە، ئەو رێژیمانەیش لە لێوارى هەرەس نێزیك دەبنەوە هەمیشە پەنا بۆ هەراى راگەیاندن دەبەن بۆ گەورەكردنى مەترسییەكان لە قۆناغى داهاتوو".
زاڵمى گوتى "لەناو هاوپەیمانیى نیشتمانى كەسانى تر هەن دەتوانن لەبرى مالیكى وڵات بەڕێوە ببەن، سەركردایەتیى داهاتووی وڵات بە هاوبەشى دەبێ و بابەتەكە پێوەندى بە تاكە كەسێكەوە نییە".
هەروەها گوتى "ئێستە لایەنە سیاسییەكان دوا جێپەنجەكانیان لەسەر قۆناغى پاش مالیكى دادەنێن، ئەویش گۆڕینى مالیكییە بە كاندیدێكى تر لە هاوپەیمانیى نیشتمانى".
هاوپەیمانیى نیشتمانى لە ماوەى رابردوودا ئاشكراى كرد داوایەكى بە ئیمزاى چوار سەركردەى عێراقى (مەسعوود بارزانى، ئەیاد عەلاوى، موقتەدا سەدر و ئوسامە نوجێفى) بەدەست گەیشتووە بۆ گۆڕینى مالیكى بە كاندیدێكى تر.
ئەو داوایەش پاش تەواوبوونى ئەو مۆڵەتى 15 رۆژە هات كە ئەو سەركردانە بۆ وەڵامدانەوەى كارنامەیەكى 9 خاڵى كۆبوونەوەى ئەو سەركردانە لە شارى هەولێر لە 29ى مانگى رابردوو، ئاراستەى مالیكییان كردبوو.




