ڕاوێژکاری ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتی پەرلەمان: دوو شەممە پەرلەمان گفتوگۆی6 پرۆژە یاسا دەکات

ڕاوێژکاری ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان رایگه‌یاند: کاتژمێر دەی پێش نیوه‌رۆى رۆژى دوو شه‌ممه‌ی داهاتوو، دانیشتنى ئاسایى ژماره (30) له خولى گرێدانى یه‌كه‌م له‌ساڵى چواره‌مى خولى سێهه‌مى هه‌لبژاردنى په‌رله‌مان به‌رێوه‌ده‌چێت.
تاریق جەوهەر راوێژكارى راگه‌یاندنی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان، لەلێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند:"ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان بڕیاری دا به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنی ژماره (30)ی ئاسایی به‌م شێوه‌یه بێت:
1ـ به‌رده‌وام بوون له‌سه‌ر خستنه‌ڕوو و گفتوگۆ كردنى پێشنیارى یاساى پاراستنى خاوه‌نداریه‌تى هزری و هونه‌رى له هه‌رێمى كوردستان ـ عێراق.
2ـ په‌سند كردنى حساباتى كۆتایى ساڵی 2011.
3ـ بڕیاردان له‌سه‌ر دامه‌زراندنى به‌ڕێز (چیا‌و بگرس صلیوا) بۆ پۆستى سه‌رۆكى ده‌سته‌ى سه‌ربه‌خۆى مافى مرۆڤ له هه‌رێمى كوردستان ـ عێراق.
4ـ خوێندنه‌وه‌ى یه‌كه‌مى پێشنیارى یاساى جێبه‌جێ كردنى یاساى ژماره (14)ى ساڵى 2008 حكومه‌تى عیراقى فیدراڵ (یاساى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى قاچاخیى نه‌وت و به‌رهه‌مه‌كانى) .
5ـ خوێندنه‌وه‌ى یه‌كه‌مى پێشنیارى یاساى ده‌سته‌ى نیشتیمانى بۆ دانوستان.
6ـ خوێندنه‌وه‌ى یه‌كه‌مى پێشنیارى یاساى هه‌مواركردنى یه‌كه‌مى یاساى ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى.




