لە روسیا كونفرانسی كورد ساز كرا

دوێنی لە پایتەختی روسیا لە لایەن دەزگای كارنەگییەوە كونفرانسێك بە ناوی بۆ ئاشتی جیهانی و رۆلی كورد لە نێو بەهاری عەرەبیدا ساز كرا. لە سەرەتای ئەم كونفرانسەدا سەرۆكی دەزگای كارەنگی ئەلەكساندەر مالاشەنكۆڤ وتەیەكی پێشكەش كرد و تیشكی خستە سەر پێشكەوتنەكانی وڵاتانی عەرەبی و رۆلی كورد لە نێو بەهاری عەرەبیدا و رایگەیاند كە من ناتوانم بەم سەرهەڵدان و شۆڕشانەی نێو وڵاتانی عەرەبیدا بڵێم بەهاری عەرەبی، چونكە بەهار بە مانای دووبارە ژیانەوە و سەوزكردنی شروشت و سەوزكردنی هیوای ژیانێكی ئاسوودەیە، بەڵام لە نێو ئەم سەرهەڵدان و شۆڕشانەدا هیچ جۆرە شتێكی بەمجۆرە نابینم و تەنیا كورد لە رۆژهەڵاتی ناویندا كەوتووتە نێو وەرزی بەهاری خۆیەوە.
دواتر نوێنەری پارت و لایەنە سیاسییە كوردەكانی رۆژئاوای كوردستانیش وتارێكیان پێشكەش كرد و رایانگەیاند كە لە سوریا كورد تا ئێستا هیچ مافێكی لە لایەن رژێمەكانی سوریاوە پێنەدراوە و ئەوان وەكو كورد لە سوریا داوای مافی خۆیان دەكەن و نایانەوێ بە هیچ شێوەیەك ببن بەشێك لە شەڕی نێوان رژیمی سوریا و ئوپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە.
دواتر نوێنەری بەدەپە نەزمی گۆڕیش وتەیەكی پێشكەش كرد و تیشكی خستە سەر رۆلی توركیا لە نێو بەهاری عەرەبیدا و رایگەیاند كە توركیا رۆلێكی بەرچاوی هەیە لە نێو ئەم بەهارەد،ا بەڵام لە سوریا توركیا سیاسەتی هەڵەی گرتووەتە بەر و هەوڵ بۆ ئەوە دەدات كە كورد لە سوریا نەگەنە مافەكانی خۆیان و هەر رۆژ بۆ ئەوەی كە كورد تووشی شەڕی ناوخۆیی بكات، بە سەدان پلان و پرۆژە دادەنێت.




