میسر لە پێکدادانی نەیاران و لایەنگرانی مورسی 13 كەس برینداربوون

سەرچاوەكانی هەواڵ لە میسر رایانگەیاند لە ئاكامی شەروپێكدادان لە نێوان نەیاران و لایەنگرانی مەحەمەد مورسی سەرۆك كۆماری ئەو وڵاتە، سێزدە كەس برینداربوون. لەمبارەیەوە ئاژانسی دەنگوباسی رۆیتەرز لە شایەد حالێكی نزیك لەشەرەكەی گواستەوە شەر و پێكدادانەكە لە نزیك مزگەوتی قائید ئیبراهیمی شاری ئەسكەندرییە بووە و بەهۆیەوەش 13 كەس بریندار بوون. هاوكات شایەد حاڵەكە رایگەیاند دوای ئەوەی لە نوێژی هەینی شێخ ئەحمەد مەحلاوی ئیمامی مزگەوتی قائید ئیبراهیم داوای لە ئامادەبووانی نوێژی هەینی كرد، دەنگ بە بەڵێ بۆ دەستووری نوێی وڵات بدەن ، ئەو داوایە نارەزایی نەیارانی مورسی بەدوای خۆی هێنا و لەبەردەم مزگەوتی قائید هەردوولا بەگژ یەكچوون و شەڕو پێكدادان روویدا،لای خۆشییەوە سەرچاوەكانی هەواڵ لەمیسر ئەوەیان راگەیاند كە لایەنگرانی ئۆپۆزسیۆن سێ ئۆتۆمبیلیان لەناوچەكە سوتاندووە.




