سالار مەحمود: نەتەوە یەكگرتووەكان نەیتوانیوە داکۆکیکاری مافی مرۆڤ لە کوردستان بێت

سەرۆكی لیژنەی مافی مرۆڤ لەپەرلەمانی كوردستان رەخنە لە نەتەوە یەكگرتووەكان دەگرێت و دەڵێت، لەئاست پێشێلكارییە نێودەولەتییەكانی بەرامبەر مافی مرۆڤ لەهەرێمی كوردستان دەكرێت بێ دەنگە و نەیتوانیوە ئەوبەرپرسیارەتییەی لەئەستۆی دایە جێبەجێ بكات.
سالار محمود سەرۆكی لیژنەی مافی مرۆڤ لەپەرلەمانی كوردستان لەلێدوانێكی تایبەتدا بۆ kdp.infoرایگەیاند، لە64مین ساڵیادی جارنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ كەلەلایەن نەتەوە یەكگرتوەكان دەرچووە، ئیمە رەخنە لە خودی نەتەوە یەكگرتووەكان و نووسینگەی نەتەوە یەكگرتوەكان لە هەرێمی كوردستان دەگرین سەبارەت بەو پێشێلكارییە نێودەوڵەتیانەی بەرامبەر مافی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان دەكرێن بەردەوام هەرێمی كوردستان تۆپباران دەكرێت و نەیتوانیوە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەم زولمەی بەرامبەر مافی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان دەكرێت بێنێتە دەنگ، چونكە ئەو ناوچانە تۆپباران دەكرێن سەر بەپارێزگای هەولێرن و نووسینگەی نەتەوە یەكگرتووەكانیش لە ناو پارێزگای هەولێرە و ناتوانێت داكۆكی لە مافی مرۆڤ بكات، تەنیا لەپارێزگایێك، بۆیە ئەمە بۆ ئێمە جێگای گلەییە.
سەرۆكی لیژنەی مافی مرۆڤ لەپەرلەمانی كوردستان گوتیشی، ئێمە خۆشحالین رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ چاودێری رەوشی مافی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان دەكەن، بەڵام كۆمەلێك بەرپرسیارەتیش لەئەستۆی ئەوان دایە بەرامبەر پەنابەر و ئاورەكانی پارچەكانی تری كوردستان كە ئێستا لە هەرێمی كوردستانن، ئێستا هەرێم بۆتە ئۆردوگایێكی گەورەی ئاوارەكانی كورد، ئەمەش دەبێت رەنگدانەوەی هەبێت لەراپۆرتی نێودەوڵەتی رێكخراوەكانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان و پێویستە یوئێن كە لایەنێكی پەیوەستە بە مافی مرۆڤ كەشێكی باشتر و ژینگەیەكی باشتر بۆ پەنابەران بەردەست بكات، بۆیە ئێمە ئەم هەڵسوكەوتانە لە ئاستی بەرپرسیارەتی نابینین.
سالار محمود ئەوەشی رونكردەوە، ئێمە نایشارینەوە پێشێلكاری مافی مرۆڤ لەهەرێمی كوردستان هەیە، بەڵام ئێمە لەقۆناغی ئینتیقالی داین، پێویستیمان بە رێكخراوەكان هەیە كە هاوكارو یارمەتی دەرمان بن، گەر نەتەوە یەكگرتووەكانیش پێی وابێ پێشێلكارییەكان هێندە مەترسیداربن دەبێت خۆیان كارێك بكەن و بەرپرسیارەتی خۆیان جێبەجێ بكەن، نەك تەنیا ببنە ناوەندێكی رەخنەگر.
محمود لەدرێژەی لێدوانەكەیدا ئاماژەی بەمەش كرد، پێشێلكاری لە هەموو ئاستەكان لەكۆمەڵگای ئێمە هەیە، چونكە ئێمە كۆمەڵگایێكین تازە هەنگاو بەرەو بە دامەزراوەیی دامودەزگاکان دەنێین، ئینجا رووبەروی پێشێلكاری بووینەو دەبینەوە،بەڵام هەندێك ناوەند هەن تەنیا رەخنە دەگرن و بەرپرسیارەتیان لەئەستۆدایە و جێبەجێی ناكەن.
لەكۆتایی لێدوانەكەیدا سەرۆكی لیژنەی مافی مرۆڤ داوای لە رێكخراوەكانی نێودەولەتی بواری مافی مرۆڤ کرد، هاوكاریان بن بۆ ئەوەی لەم پێشێلكاریانە رزگاریان بێت، چونكە تاوەكو ئێستا مەترسی لەسەر ئەزموونی هەرێمی كوردستان هەیە، كەمەترسیش هەبوو كەواتا پێویستیمان بە هاوكاری نێودەوڵەتی هەیە بۆ رێگریكردن لەم مەترسیانە، بۆیە دەبێت رێكخراوەكانی بواری مافی مرۆڤ تایبەت ئەوانەی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكانن تەنیا رەخنە گر نەبن، بەلكو هاوكاربن و با رەخنەش بگرن، لەبەر ئەوەیە ئێمە رەخنەمان لەنەتەوە یەكگرتووەكان هەیە تاوەكو ئێستا وەك پێویست هاوكار نەبوونە.
بڵند ئیبراهیم




