شوان محمد تەها: قەیرانی عێراق بە سەردانێكی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا چارەسەر نابێت

ئەمڕۆ یاریدەدەری یەکەمی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا ( تۆماس نایدز) بەسەردانێك گەیشتە عێراق و بۆ تاوتوێكردنی چەند پرسێكی گرنگ و پەیوەست بە عێراق و ناوچەكە لەنێویشیدا گرژییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا لەگەڵ سەرۆك كۆمار و سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران و چەند وەزیرێكی دیکە كۆبووەوە. سەبارەت بە لێكدانەوەو پێشبینییەكانی سەردانەکەی ئەم بەرپسە ئەمەریکییە و ئەگەرەکانی بەردەم پرۆسەی سیاسی، ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەران لە لیستی هاوپەیمانی كوردستانی دەڵێت عێراق كەوتۆتە قەیرانێكی سیاسی وەها قوڵەوە كە تەنیا بەسەردانی كەسایەتییەكان چارەسەر نابێت.
شوان محمد تەها ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران لە لیستی هاوپەیمانی كوردستانی، تایبەت بۆ (kdp.info) گوتی " ئاشكرایە كە دوای كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق رەوشی وڵاتەكە لە رووی سیاسی و ئەمنییەوە شڵەژاوی و گرژییەكی زۆری پێوە دیارە، هەورەها لەبەرئەوەی ئەمەریكا رێكکەوتنی ستراتیژی لەگەڵ عێراق هەیە، بۆیە ئەمەریكا پەیوەستە بەو رەوشەی ئێستا عێراقی پێدا تێپەڕدەبێت و پێموایە یەكێك لەو بابەتانەی كە لەمیانەی كۆبوونەوەی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لەگەڵ بەرپرسانی عێراق كە باس دەكرێت بریتییە لەو گرژیی و قەیرانانەی كە هاتوونەتە كایەوە.
گوتیشی " ئەگەر دەوڵەتی یاسا ئەو نیازەی هەیە كە لەشكركێشی بۆسەر هەرێمی كوردستان و ناوچەكانی دیکەی عێراق ئەنجام بدات، ئەوا ئایندەی عێراق دەخاتە ژێر مەترسییەكی گەورەوە جگە لەوەی ئێمە لە ناوچەیەكی گەرم و پڕ لەكێشەین. هەر پێكدادانێك لە عێراق رەنگدانەوەی خراپی دەبێت و لەبەرژەوەندی ئەمەریكا و هەندێك وڵاتانی دراوسێش نییە بارودۆخەکە بەرەو خراپت بچێت.
سەبارەت بەهەر گەشبینییەکە کە سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ عێراق دروستی بکات، ناوبراو گوتی " قەیرانی عێراق ئەوەندە قوڵە بە سەردانێك و دوو سەردانی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا یان هەر كەسایەتییەكی دیکە چارەسەر نابێت.kdp.info




