یەکێتی ئەوروپا پاڵپشتی خۆی بۆ ستراتیژیەتی نیشتمانی بەرەنگاربوونەوەى توندوتیژى لە هەرێمی کوردستان دووپات دەکاتەوە

یەکێتی ئەوروپا هەوڵ و کۆششەکانی ئەنجومەنی باڵاى کاروباری خانمان لە بەرەنگاربوونەوەى توندوتیژى دژى ئافرەتان، بەرزدەنرخێنێت و ئامادەیی خۆی نیشان دەدات بۆ پاڵپشتیکردنی ستراتیژیەتی نیشتمانی بەرەنگاربوونەوەى توندوتیژى لە هەرێمی کوردستان.
ئەمڕۆ چوارشەممە 12/12/2012 ئەمیندارى گشتى ئەنجومەنى باڵای کاروبارى خانمانپەخشان زەنگنە، بەئامادەبوونی بەڕێوەبەری گشتی لە ئەنجومەن فلۆرین گۆرگیس، پێشوازی لە خاتوو"کارن مێرڤی"و، "دادوەر یان ڤان ڤێڵدا" پسپۆرانی بواری سەروەریی یاسا و مافی مرۆڤ لە نێردەى یەکێتی ئەوروپا بۆ پاڵپشتی سەروەریی یاسا کرد.
پەخشان زەنگنە پوختەیەک لە گرنگترین چالاکییەکانی ئەنجومەن و پێکهاتەى ئەنجومەنی خانمانی بۆ هەردوو شاندی میوان روونکردەوە، هەروەها باسی لە هەڵمەتی نیشتمانی شازدە رۆژەی بەرەنگاربوونەوەى توندوتیژى دژ بە ئافرەتان کرد کە لە ئاستێکی بەرفراوان و بەسەرپەرشتی ئەنجومەنی باڵای کاروبارى خانمان لەسەرتاسەرى هەرێمی کوردستان سەرکەوتووانە بەڕێوەچوو.
لە تەوەرێکی تری دیدارەکەدا پرۆژەی ستراتیژیەتی نیشتمانی بەرەنگاربوونەوەى توندوتیژى دژ بە ئافرەتان خرایە بەرباس و لێکۆڵینەوە، کە راستەوخۆ لەلایەن رێزدار سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە پاڵپشتی دەکرێت بۆ بنبڕکردنی هەموو شێوازەکانی توندوتیژى دژی رەگەزی مێینە لە هەرێمی کوردستاندا.
شاندی یەکێتی ئەوروپا وێڕای بەرزنرخاندنی کۆششەکانی ئەنجومەنی باڵاى کاروباری خانمان لە بەرەنگاربوونەوەى توندوتیژى دژى ئافرەتان، پشتگیریی خۆیان بۆ ئەم هەوڵ و کۆششانە دووپاتکردەوە و پرۆژەى ستراتیژیەتی نیشتمانیان بە هەنگاوێکی گرنگی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەقەڵەمدا بۆ ریشەکێشکردنی ئەم دیاردەیە لە هەرێمی کوردستان.. هەروەها ئامادەیی خۆیشیان نیشاندا بۆ مەشق و راهێنانی دادوەرانی هەرێم لەو بوارانەى پەیوەندیان بە توندوتیژى خێزانییەوە هەیە.
دلێر ئیبراهیم




