ئەمەریكا داوا لە گەورە بەرپرسانی بەغدا دەكات گرژییەكانی ناوچە دابڕێنراوەكان كەم بكەنەوە

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا داوای لە بەرپرسانی بەغدا كرد كە گرژییەكانی ناوچە دابڕێنراوەكان كەم بكەنەوە، هاوكات پابەندبوونی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكایشی لە بوژاندنەوەی لایەنی ئابووری و سیاسی لە عێراق دووپات كردەوە، بەو سیفەتەی كە هاوبەشی ستراتیژییە.
جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا، توماس نایدز، لە بەیاننامەیەكدا كە ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاو كراوەتەوە ڕایگەیاند، ئەو لەگەڵ گەورەبەرپرسانی عێراقیدا كە سەرۆككۆمار، سەرۆكوەزیران، وەزیری دەرەوە و وەزیری دارایییش لە نێویاندایە، كۆ بووەتەوە.
نایدز، جەختی كردووەتەوە كە داوای لە بەرپرسەكان كردووە ڕاستەوخۆ بچنە نێو دۆخەكەوە و لە گرژییەكانی ناوچە دابڕێندراوەكان كەم بكەنەوە.
بەپێی بەیاننامەكە نادز، هاوكات پێوەندییە هەمە لایەنەكانی نێوان وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و عێراقی لەگەڵ ئەو گەورەبەرپرسانەدا خستووەتە بەر باس، ئەمەیش لە چوارچێوەی ئەو ڕێككەوتنە ستراتیژییەی كە ئەمەریكای پێوە پابەندە لە ڕووی ئابووری و سیاسییەوە، بەو سیفەتەی كە ئەمەریكا شەریكی ستراتیژیی عێراقە و ڕۆڵی بێلایەن و كاریگەر لە دابینكردنی ئاساییش و ئاشتیبدا لە ناوچەكەدا دەگێڕێت.




