دوو گرێبەست بۆ بەستنەوەی چەند هێڵێكی 33كەی ڤی بۆ هەردوو پارێزگای سلێمانی و دهۆك مۆر كرا

بەپێی دوو گرێبەستی نێوان وەزارەتی كارەبا و هەردوو كۆمپانیای دییەن و شارا ، چەند هێڵێكی گواستنەوەی 33 كەی ڤی دەبەسترێت لەنێوان وێستگەكانی (پێنجوێن – سەرسوار) و ( چوارتا- ماوەت ) و ( چەمچەماڵ –تەكیەی جەبارە- قادر كەرەم) و ( كەڵەكچی – قەسرۆك )و ( بەردەڕەش – دارەتوو ) و ( سەرسەنگ – بامەرنێ ) و ( فایدە- شاریە) ، كە رۆڵی بەرچاوی دەبێت لە پێشخستنی گواستنەوەی كارەباو كەمكردنەوەی پاڵەپەستۆو فشار لەسەر وێستگەكانی كارەبا .
دوێنێ 11/12/2012 لە دیوانی وەزارەتی كارەبا؛ ئەندازیار یاسین شێخ ئەبوبەكر ماوەتی وەزیری كارەبا گرێبەستێكی بەگوژمەی زیاتر لە سیانزدە ملیارو دووسەدوو هەشتاو یەك ملیۆن و نۆسەدوو سیانزدە هەزار دینار لەگەڵ بەڕێوەبەری رێپێدراوی كۆمپانیای دییەن مۆركرد؛ بۆ بەستنی چەند هێڵێكی 33 كەی ڤی لەنێوان (پێنجوێن – سەرسوار) و ( چوارتا- ماوەت ) و ( چەمچەماڵ –تەكیەی جەبارە- قادر كەرەم). دوای رێوڕەسمی مۆركردنی گرێبەستەكە كە راوێژكاران و بەڕێوەبەرانی گشتی پلاندانان و گواستنەوە ئامادەی بوون، وەزیری كارەبا پیرۆزبایی وەرگرتنی تەندەرەكەی لە نوێنەری كۆمپانیای دییەن كرد و داوای لێكرد پابەندی كات و كوالێتی پرۆژەكەو رێنماییەكانی گرێبەستە گشتییەكانی حكومەتی هەرێم بن. لای خۆیەوە بەڕێوەبەری رێپێدراوی كۆمپانیاكە بەڵێنی دا هەوڵی تەواو بدات بۆ ئەوەی پرۆژەكە لە ماوە و كوالێتی پێویستدا ئەنجام بدرێت.
هەر هەمان رۆژو لەرێورەسمێكی دیكەداو بەئامادەبوونی یاسین شێخ ئەبوبەكر ماوەتی وەزیری كارەبا گرێبەستێكی تر لەگەڵ كۆمپانیای شارا مۆركرد، بۆ بەستنی چەند هێڵێكی 33 كەی ڤی تر بۆ وێستگەكانی ( كەڵەكچی – قەسرۆك )و ( بەردەڕەش – دارەتوو ) و ( سەرسەنگ – بامەرنێ ) و ( فایدە- شاریە) ، ئەم گرێبەستەش كە بەگوژمەی سیانزە ملیارو سێ سەدوو نەوەدوو هەشت ملیۆن دینار واژوو كراوە كاریگەرییەكی باشی دەبێت بۆ كۆنترۆڵكردنی كارەبا لەو ناوچانەو گەیاندنی خزمەتگوزاری كارەبا بەباشترین شێوە بۆ هاووڵاتیانی ئەو قەزاو ناحیانە.
ئەنجامدانی پرۆژەكانی بەستنەوەو گرێدانی هێڵەكانی 33 كەی ڤی كە پێویستە لەماوەی 365 رۆژدا لەلایەن هەردوو كۆمپانیای دیەن و شارا ئەنجام بدرێت لەچوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەكانی وەزارەتی كارەبا دێت بۆ باشتركردنی گواستنەوەی كارەباو كەمكردنەوەی فشارو پاڵەپەستۆ لەسەر تۆڕو وێستگەكانی كارەبا.




