٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لە چوارچێوەی ئامادەكاری بۆ یادی 25 ساڵەی ئەنفال و كیمیاباران كۆبوونەوەیەكی هاوبەش بەڕێوەچوو

سەرچاوە: KDP.info

بە ئامادەبوونی ئارام ئەحمەد محمد وەزیری كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان و فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت، كۆبوونەوەیەكی هاوبەش لە نێوان وەزارەتی كاروباری شەهیدان وئەنفالكراوان و فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت بەڕێوەچوو.

لەو كۆبونەوەیەدا گفتوگۆكرا سەبارەت بە ئامادەكاری بۆ یادی 25 ساڵەی كیمیاباران كردنی هەڵەبجە و ئەنفال و بەستنی كۆنفرانسێكی نێودەوڵەتی لە چوارچێوەی هەوڵەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بە نێونەتەوەیی كردنی ئەم یادانە و فراوانی كردنی لە ئاستی دەرەوە و ناوەوەی هەرێم.

هەروەك بیرورا لەمەڕ پرسی بانگهێشتكردنی كەسایەتی جیهانی و ئەو كەسانە كە جێپەنجەیان لە پرسی ناساندنی ئەم تاوانانە هەیە ئاڵوگۆر كرا و جەختیش لە كاریگەری میدیای جیهانی بۆ ئەم یادە و بانگهێشت كردنیان كرایەوە.

هەروا جەخت لە رۆڵی حزبەكان لە سەرخستنی ئەم یادە كرایەوە و بەباش زانرا ئەم یادە بكرێتە یادێكی نیشتمانی و هەموولایەك تێیدا بەشدار بن و چەندان چالاكی هونەری و روشنبیری تیدا ئەنجام بدرێ و لە چوارچێوەی كۆنفرانسەكەشدا پێشانگای تایبەت بە مەرگەساتەكانی كورد بكرێتەوە.

ئارام ئەحمەد محمد وەزیری كاروباری شەهیدان و ئەنفال كراوان تەئكیدی لەوە كردەوە كە دەبێ ئەم یادە مۆركیكی نیشتمانی و نێودەوڵەتی پێوەبێت و هەركەس لە ئاستی خۆی كار بۆ نیشاندانی مەرگەساتەكانی گەلی كوردستان بكات، ئاماژەشی بە رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان كرد بۆ بەرز راگرتنی یادی 25 ساڵەی تاوانەكانی ئەنفال و كیمیاباران و بودجەی تایبەتی بۆ ئامادە كردوە.

سەبارەت بە كاری هونەری كە بڕیارە لەم یادەدا پێشكەش بكرێت وەزیری كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان رایگەیاند كە لەگەڵ وەزارەتی روشنبیری لەسەر ئەوە رێككەتوون لەم یادەدا فیستیڤاڵیك بۆ كورتە فیلم ئەنجام بدرێت و لەگەڵ چەندان كەسایەتی تر قسە كراوە تاكو هەم پارچە موسیقا و هەم چالاكی هونەری تایبەت بەم یادە ئامادە بكەن.

لەلایەن خۆیەوە فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند كە فەرمانگەی پەیوەندیەكان لە رێگای نووسراوی تایبەت سەرجەم نوێنەرایەتیەكانی حكومەتی هەرێمی لە دەرەوەی هەرێمی كوردستان ئاگادار كردۆتەوە تاوەكو ئامادە كاری تەواو بكەن بۆ یادی 25 ساڵە و كۆنفڕانسی تایبەت بە یادی كیمیاباران و ئەنفال كە وابڕیارە لە هەولێر ئەنجام بدرێت، هاوكات ئامادەیی فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوەی خستەڕوو بۆ هەر ئەرك و كارێك كە پێیان بسپێردرێت لە پێناو زیاتر ناساندنی ئەو تاوانانەی دەرهەق بە گەلەكەمان كراوەو سەرخستنی ئەو ئەو یادەوەریە.


لە تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكەدا هەردوولا رێكەتن لەسەر پێكهێنانی لیژنەیەكی هاوبەش لە سەر ئاستی وەزارەت و فەرمانگە بۆ هەماهەنگی و كاری هاوبەش بەجۆرێ ئەو لیژنەیە كۆبوونەوەكانی ئەنجام بدات و لیژنەی باڵا كە لەسەر ئاستی ئەنجومەنی وەزیران پێك هاتووە لە كارەكانیان ئاگادار بێت.
 

هەواڵی پەیوەندیدار