له ههولێر به ئامادهبوونى سهرۆك بارزانى خولى 17ى ئهكادیمیاى پارتى دیموكراتى كوردستان كۆتایى هات و خولى 18 دهستیپێكرد

بەچاودێری و ئامادەبوونی سەرۆك بارزانی، لە هۆڵی شەهید مامۆستا سەعد عەبدوڵلا لە پایتەخت ڕێوڕەسمی دەرچوونی خولی 17 ودەستپێكردنی خولی 18ی ئەكادیمیای پارتی دیموكراتی كوردستان بە ڕێوەچوو. لە خولی 17 دا 83 قوتابی بەشدارییان تیادا كردبوو كە21 یان كچ بوون و 62 یان كوڕ بوون و لەماوەی 7 مانگدا 5 0سیمینار و 24 بابەتی جیاجیایان پێشكەشكراوە.
لەڕێوڕەسمەكەدا كە ژمارەیەك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان وژمارەیەك لەبەرپرسانی حزبی و حكوومی و ئەكادیمی و مامۆستای زانكۆ ئامادەی بوون وێڕای خوێندنەوەی چەندین وتار، خەڵات ودیاری بەسەر دەرچووان دابەشكرا، لەو ڕێوڕەسمەدا سەرۆك بارزانی وتارێكی گرنگی پێشكەشكرد كە تیایدا تیشكی خستەسەر چەندین پرسی گرنگ لەسەر ئاستی حزبی و نەتەوەیی ونیشتیمانیدا.
خولێكی گرنگ
لە دەستپێكردنی ڕێوڕەسمەكەدا قادر قەچاغ بەرپرسی ئەكادیمیای پارتی جەختی لەسەر ئەوە كردەوە دەرچوونی ئەم خولە لەخۆیدا گرنگییەكە بۆ پارتی بەوەی كە توانی 83 كادیر لە ماوەی 7 مانگدا بە چەندین بابەتی گرنگ و سیمیناری پڕ بەهاوە شارەزایی لەبواری سیاسەتدا وەربگرن و كار لەو مەیدانەدا بكەن.
پارتی بۆ ئامانجی گەورە و ستراتیژی دامەزرا
لەنێو چەپڵەڕێزانی ئامادەبوواندا بەپێشوازییەكی گەرموگوڕەوە سەرۆك بارزانی پەیڤێكی پێشكەشكرد تیایدا دووپاتیكردەوە دامەزراندنی پارتی بۆ ئەوە نەبوو تەنها خزمەت بە چینێكی دیاریكراو و دەستنیشانكراو بكات بەڵكو ئامانجێكی نەتەوەیی گەورەی ستراتیژی لەپشت دامەزراندنی پارتیدا بوو و هیوای خواست ئەندام وكادیرانی پارتی هەمیشە لە جەماوەر نزیك بن و لەگەڵیاندا لەهەموو كاتێكدا یەك بن و گوتی: هەروەكو ئێوەی خۆشەویست دەزانن پارتی كە دروستبوو بۆ خزمەتی كورد و كوردستان دروست بوو، بەو شێوەیە دروست نەبوو كە حزبێكی تەقلیدی بێت یان حزبێك بێت تەنها مەبەستی حزبایەتی بێت بۆ چینێكی دەستنیشانكراو،پارتی وەكو بزووتنەوەیەك دروست بوو بۆ ئەوەی لە قۆناغی یەكەمدا ئومێد لە دڵی خەڵكی كوردستاندا بهێڵێتەوە چونكە لەكاتی دامەزراندی پارتی و ئەو قۆناغەی لەو سەردەمەدا بەسەر هەموو جیهاندا هات بەتایبەتی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و كوردستان، ئەو كات سەردەمێكی تاریك بوو نائومێدی بوو، دوای شكست وتێكچوونی زنجیرەیەك شۆڕش و ڕاپەڕین تۆزێك ئومێدێك بە دروستكردنی كۆماری كوردستان لەمهاباد پەیدا بوو ئەویش تەمونی لەساڵێك كەمتر بوو دیسان ڕووخا و نەتەوەی بەیەكجاری تووشی نائومێدی بوو بۆیە سەروەرییەكی زۆر گەورەیە بۆ پارتی كە توانی لە كاتێكی وا هەستیاردا لە كاتێكی وا ڕەش و ناخۆشدا توانی ئەو ئومێدە بەزیندوویی بهێڵێتەوە تا گەیشتە ئەوەی ڕیكخستنی ڕیزەكانی گەلەكەمان تاگەیشتە ئەوەی ئامادەكاری بۆ شۆڕشێكی گەورەی نەتەوەیی سەرتاسەری بكرێت كە شۆڕشی ئەیلوول بوو. بۆیە ئێوە كادیری حزبێكن دەبێ قەدری ئەو ئەركەی سەرشانی ئێوە بزانن.
گەڕانەوە بۆ جەماوەر
سەرۆك بارزانی دووپاتیكردەوە گرنگترین ئەركی كادیرانی پارتی ئەوەیە هەمیشە لەگەڵ جەماوەردا بن و لێیان دانەبڕێن وفەرامۆشیان نەكەن و گوتی: من ئومێدەوارم ئێوە بۆ جەماوەر بگەڕێنەوە، من زۆر جار گوێم لەوە دەبێ كە كەلێنێك لەنێوان سەركردایەتیی پارتی و بەرپرسانی پارتی و جەماوەری پارتی و خەڵكی كوردستان بەتێكڕا دروستبووە ئەمەش لە هەموو شتێك ترسناكتر و خراپترە، دەبێ ئەو كەلێنە بەهیچ شێوەیەك نەهێڵنەوە . من بە ئەزموونی خۆم بینیومە هەموو كەسێك چاوی لەوەدا نییە تۆ بچی شتی بۆ بكەیت بەڵكو دەبێ هەست بكات ڕێزی لێگیراوە و لەبیر نەكراوە تەنانەت یەك وشەی پێ بەسە بەڵام یەكێك هەموو تەمەنی خۆی لە خزمەتی كورد وكوردستان سەرفكردبێت وئێستاش پیر بێت و كەوتبێت لەدێیەك كەس مەرحەباشی لێنەكات ئەمە شتێكی زۆر ناخۆشە دەبێ كادیرانی پارتی ئەم ئەركە بگرنە ئەستۆ.
پاراستنی پرەنسیپ وبەرژەوەندیی باڵا
سەرۆك بارزانی دووپاتیكردەوە گرنگە مرۆڤ بەخۆشی بژیت بەڵام هیچ هۆكارێك نییە بۆ ئەوەی مرۆڤ دەست لە پرەنسیپ و ڕەوشتە سەرەكییەكانی مرۆڤایەتی وژیان بۆ بەرژەوەندییەكی تەسكی خودییەوە هەڵبگرێت وگوتی : ڕاستە ژیان پێویستیی بە هەموو شتێكە بەڵام هیچ كاتێك لە هیچ هەلومەرجێكدا من موبەڕیڕێك نابینم لەوەی مرۆڤ لە پرەنسیپەكان لابدات، ئێمە زۆرمان پێخۆشە هەموو تاكێكی كورد بەتایبەتی ئێوەی خۆشەویست لەوپەڕی خۆشیی ژیاندا بن بەڵام كە بگاتە ئەوەی مرۆڤ دەست لەخۆشیی ژیان وهەموو شتێك هەڵبگرێت لەپێناو بەرگری لە وڵاتەكەی دەبێ مرۆڤ بەرگریكردن لە وڵات هەڵبژێرێت، پارتی وا خەڵكی پەروەردە كردووە وئومێدەوارم دوای ئەو 7 مانگەی كە بەدڵنیاییەوە تیایدا ئێوە فێری شتی تازە بوون وئەمڕۆ بۆ شوێنی خۆتان بگەڕێنەوە بەزانیاریی زیاتر دەتوانن زیاتر خزمەتی پارت ومیللەتەكەتان بكەن وئێوە سەركردەی ئایندەن و ئەو ئەمانەتەوە چۆن لە نەوەیەكەوە بۆ نەوەیەكی دیكە دەچێت ئێوەش لە ئایندەدا سەركردایەتیی وڵات دەكەن.
با بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ بزانم گەلی كوردستان چۆن بیر دەكاتەوە
سەرۆك بارزانی لە میانەی پەیڤەكەیدا هاتە سەر باسی قبووڵكردنی كاندید بوون بۆ سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان بەوەی كە دەیویست بزانێت خەڵكی كوردستان چۆن بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ بیردەكاتەوە و بەو مەرجەوە قبووڵیكرد كە لەلایەن خەڵكەوە هەڵبژێردرێت نەوەكو بە ڕێككەوتنی پەرلەمان وگوتی: من كە سەرۆكایەتیی هەرێمم قبووڵكرد مەرجیشم بۆ ئەوە دانا كە دەبێ هەڵبژاردنەكە بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ بێت لەلایەن خەڵكی كوردستانەوە،من مەبەستم لەوەدا هەبوو دەمویست بزانم خەڵكی كوردستان چۆن راستەوخۆ بیردەكاتەوە نەوەكو لەڕێگەی پەرلەمان یان هی دیكە. من چەند مەبەستێكی دیكەم هەبوو بەوەی كە ئاسەواری شەڕی خۆكوژی نەهێڵم وتاكی كورد باوەڕی بەخۆی پەیدا ببێتەوە بەڵام نەوەكو ئێمە لەسەر بیرو باوەڕێكی ڕەگەزپەرستانەوە نەتەوەی خۆمان پەروەردە بكەین بەڵام دەبێ لەمەولا هەموو تاكێكی كورد هەست بەوە بكات كە مرۆڤە وخاوەن ماف و كەرامەتە و لەهیچ تاكێكی دیكەی عەرەب وتورك فارس وئەورووپی وهیچ كەسێك كەمتر نییە هەروەها پێگەیەكی شایانی خەباتی گەلی كوردستان لە دەرەوە و لەپەیوەندیی دیپلۆماسی دروستبكەین وزمانی خوێندن ونووسین بۆ نەتەوەكەمان دروستبكەین و لەهەمووشی گرنگتر ئەوەیە زەمینە بۆ ئەو مافە خۆشبكەین كە مافی هەموو نەتەوەیەكە و ئێمەش ئەو مافەمان هەیە وبڕیار لە چارەنووسی خۆمان دەدەین.
شەڕی دەستوور
لەباسكردنی پرسی ئەمڕۆی عێراق و ئەو هەنگاوانەی كە دەستوور تیایدا دەرباز بوو سەرۆك بارزانی نیشانیدا دەستوور عێراق كە وا بەئاسانی نەهاتەدی زۆر ڕوون وئاشكرایە و تیایدا بە شێوەیەكی زۆر جوان باس لەوە دەكات یەكبوونی عێراق بە جێبەجێكردنی ئەم دەستوورەوە بەندە و گوتی: دەستوور عێراق ڕوون وئاشكرایە، 53 ڕۆژ من لەبەغدا مامەوە و شەو وڕۆژ ئێمە خەریكی گفتوگۆ بووین بۆ داڕشتنی ئەم دەستوورە كە بێگومان بێ كەموكوڕی نییە و واش نەبوو ئێمە خۆمان دەستوورەكە دابڕێژین بەڵكو شەڕی زۆرمان لەگەڵ خەڵكێكی شۆڤێنی و نەزان و داخ لەدڵمان كرد، زۆر لایەنی دیكەش بە باشی لەپرسی كورد ومافی كورد گەیشتبوون ولەگەڵ ئێمە هاوبیر بوون واتا شەڕەكە ئاسان نەبوو. ئەم دەستوورە زۆر شتی تیادایە كە ئەگەر جێبەجێ بكرابوایە هیچ یەك لە قەیرانەكانی ئەمڕۆ ڕووی نەدەدا، نە قەیرانی هەرێم لەگەڵ بەغدا ونە قەیرانەكانی دیكەی ناوچەكانی دیكەی عێراق، لەدێباجەی دەستووردا هاتووە : پابەندبوون بەم دەستوورە مەرجی مانەوەی عێراقە بە یەكپارچەیی وئەمە واتای هەیە و بەزانین خراوەتە نێو دەستوور و وتەنها ئەوە نەبوو وەكو ڕستەیەك بنووسرێت وتەواو، خەڵكی دیكە خۆی لێ گێل بكات یان خۆی لێ لابدات ئەوە شتێكی دیكەیە بەڵام ئێمە دەزانین بۆ ئەو ڕستەیەمان خستە نێو دەستوور ودەبێ كاری پێبكرێت، ئێمەش خەڵكی كوردستان دوای ئەو هەموو كارەساتە دوای ئەنفال وكیمیاباران و وێرانكردنی هەموو دێهاتەكانی كوردستان ئێستاش ئێمە مەمنوونین جەنازەی ئەو شەهیدانە بدۆزینەوە كە لەبیابانەكانی خوارووی عێراق ماونەتەوە و لە كوردستان بیاننێژین، بڕوامان بەوە نەدەكرد دوای ئەو هەموو كارەساتانە كەسانێك هەبن وەكو جاران حوكمی خەڵكی كوردستان بكەن و مودیر ئەمنێك بە ئارەزووی خۆی كوردێك بگرێت وبكوژێت وگەنجی كورد گوللە باران بكات وپاشان جەنازەكەی بباتە بەر دەرگای ماڵی دایك وباوكی و پێیان بڵێت تەنانەت قەدەغەیە تازییەشی بۆ بكەن وفاتیحەی بۆ بخوێنن، كێ و كام عەقڵییەت ئەمە قبووڵ دەكات؟
گومانمان لە كوردستایبوونی ناوچە دابڕێندراوەكان نییە
هەر لە میانەی وتارەكەیدا سەرۆك بارزانی هاتە سەر باسی ناوچە دابڕێندراوەكان وئەو هەنگاوە دەستوورییانەی خستەڕوو كە ڕێككەوتنی لەسەر كراوە بەدووپاتكردنەوەی ئەوەی كە هیچ كاتێك گومان لە كوردستانیبوونی ئەو ناوچانە نەبووە و ناشبێت بەڵام ویسترا خەڵكی ئەو ناوچانە خۆیان ئازادانە بڕیار لە چارەنووسی ناوچەكانی خۆیان بدەن وئەو وبەرپرسیارێتییە مێژووییە لەسەر شانی سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان هەڵبستێت وگوتی:بە ڕازیبوون لەسەر دانانی ماددەی 140 بەهۆی ئەوە نەبوو كە گومانمان لە كوردستانیبوونی ناوچە دابڕێندراوەكان هەبێت، نە كەركووك نە خانەقین نە شنگار نە مەخموور نە زوممار و هیچ ناوچەیەكی دیكە، بەڵام گوتمان مادام ڕێگە هەیە وڕێككەوتن هەیە بەپێی دەستوور ئەم كێشەیە چارەسەر بكرێت با ئەم ڕێگایە بگیرێتە بەر، پاشان ئێمە نەمانگوتووە دەبێ ئەم ناوچانە بێنەوە سەر هەرێمی كوردستان بەڵكو ئێمە دەڵێین : خەڵكەكە بڕیاری خۆی بدات ودەرفەت بۆ خەڵكی ناوچەكە برەخسێنین بۆ ئەوەی بڕیار لەچارەنووسی خۆیان بدەن بەپێی ئەو ڕێككەوتنە (ئاساییكردنەوەی بارودۆخ، پاشان سەرژمێری ئنجا ڕاپرسی ) چونكە ئەگەر خەڵكی ئەو ناوچانە بڕیاری ئەوەیان دا كە نەیەنەسەر هەرێمی كوردستان بەرپرسیارێتیی مێژوویی لەسەر شانی ئێمەش نامێنێت. ئێمە ئەومان قبووڵكرد لەسەر ئەو بنەمایەی كە لەكاتی خۆی لەسەر ڕێككەوتین بە هەر سێ هەنگاوەكانی ماددەكە و دواتر خەڵك بڕیاری خۆی دەدات بەڵام ئێمە ساڵ بەساڵ تێبینیی ئەوەمان كرد خۆدزینەوە هەیە، لادان هەیە تاگەیشتە ئەوەی زۆرجار گوێم لە گلەیی خەڵكی كوردستان دەبوو بەوەی كە تاكەی ئێمە چاوەڕوان بین، مافی خۆشیانە بێگومان.
پابەند نەبوون بە هاوبەشیی نیشتیمانی
سەرۆكی كوردستان ئەوەی نیشاندا كە سەرەڕای هەموو ئەو دەستوورانەی لە عێراقدا هەبوون باسیان لە هاوبەشیی نیشتیمانیی نێوان كورد و عەرەب دەكرد لەعێراق بەڵام هیچ یەك لە حكوومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق ئەوەیان جێبەجێ نەكردووە وگوتی: لە دامەزراندنی یەكەمین حكوومەتی عێراق لە دوای جەنگی یەكەمی جیهان، عێراق لەسەر ئەو بنەمایە دامەزرا كە وڵاتێكە لە دوو نەتەوەی سەرەكی پێكدێت، لەگەڵ ئەو پەڕی ڕێز وپاڵپشتیشمان بۆ نەتەوەكانی دیكە كە هەمیشە بەچاوی ڕێزەوە سەیریان دەكەین و هەمووشمان لەم وڵاتەدا دەژین بەڵام ئەوان پابەندی ئەو ڕێككەوتنانە نەبوون، لەدەستووری كاتیی عێراقی ساڵی 1958یشدا وابوو، لە بەیاننامەكەیان كە نازانم ژمارەكەی چەندە بەیانی شۆڕشی 1958 دەڵێت كورد و عەرەب لەم وڵاتەدا هاوبەشن ئەمە جگە لە 11ی ئادار و ئەم دەستوورەش، ئێمە ناتوانین تا هەتایە لەو قەلەقەدا بژین، دەستوور و ڕێككەوتن هەبێت وكەسێك پابەند نەبێت، پاشان ئێمە نەتەوەیەكی دیكەین و قبووڵی ئەوە ناكەین ناسنامەیەكی دیكەی نەتەوەییمان بەسەردا بسەپێندرێت، هەموومان دەزانین ئەم عێراقە چۆن دروستبوو، بەخوێنی ئێمەوە دروست بوو لە ڕووخانی ڕژێم ودوای ڕووخانی و تاگەیشتە دەستوور و ئەم حكوومەتەی ئێستا كە لەم شوێنە لە هۆڵەكەی پشت ئێرە ڕێككەوتنمان لەبارەیەوە كرد و بە ڕێككەوتننامەی هەولێر ناسرا . ئەو ڕێككەوتنەش تەنها ئەوە نەبوو سەرۆكی كۆمار و سەرۆكی وەزیران و ئنجار سەرۆكی پەرلەمان دابنرێت بەڵكو ڕێككەوتنەكە زۆر شتی تیادایە بەڵام هەر كە حكوومەت پێكهات ئیتر ڕێككەوتنەكە وەلانرا. ئێمە زۆر هەوڵی ئەوەمان دا بەخۆشی ودیاڵۆگ وبەپێی دەستوور ئەم گرفتانە چارەسەر بكرێن وتەحەممولێكی یەكجار زۆرمان كرد، من تەسەورم دەكرد دوای ئەم هەموو كارەساتە ناخۆشانەی بەسەر هەموولایەكدا هات نەك تەنها ئێمە بەڵكو هەموو عێراق و ناوچەكە، كەس جارێكی دیكە بیر لەوە ناكاتەوە بەفەرهەنگ وزمانی فڕۆكە و تانك وتۆپ قسە بكات چونكە ئەگەر بەمشێوەیە چارەسەریی كێشەكان كرابوایە بەتایبەتی كێشەی ئێمە بارودۆخ وا نەدەمایەوە. ڕژێمی پێشوو سەد بەرابەری حكوومەتی ئێستا چەكی هەبوو دونیاش لێی بێدنگ بوو.
هەوڵی ئەوە دەدەین یەك فیشەكیش نەتەقێت
سەرۆك بارزانی نیشانیدا كورد بەهەموو شێوەیەكەوە دەیەوێ یەك فیشەكیش نەتەقێت وهیچ كاتێكیش شەڕی نەویستووە و گوتی: ئێستا جەنابی مام جەلال لە بەغدا و برایانی دیكەمان لە هاوپەیمانیی كوردستان و لیستە كوردستانییەكانی دیكە بە ئۆپۆزیسیۆنەوە لەوێ پێكەوە خەریكی گەیشتنن بە ئەنجام ئەمەش دوایین هەوڵە، ئێمە پێمانخۆشە ئەو مەسەلەیە تەواو ببێت وپێویستە برایانی هاوبەندیی نیشتیمانی واتا هاوپەیمانیی شیعە هەڵوێستێك نیشانبدەن هەرچەندە هەڵوێستی مەرجەعە پایەبەرزەكان هەڵوێستێكی مەسئوولانە بوو ئێمە سوپاسیان دەكەین ولەپەیوەندیی دووقۆڵییەكانمان لەگەڵ هەموو لایەنەكان ئەوەیان بۆ ئێمە دووپاتكردۆتەوە كە ئەو مەسەلەیە نابێ بەو شێوەیە بێت بەڵام ئێمە لەگەڵ شیعە لەسەر حیسابی سوننە ڕێكناكەوین و لەگەڵ شیعەش لەسەر حیسابی سوننە ڕێكناكەوین.
ڕەوشتی كورد و ڕێبازی بارزانیی نەمر
سەرۆك بارزانی جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە نابێ لایەنە سیاسییەكانی عێراق بەدوای شەڕی كورد و عەرەب نەكەون و دووپاتیشیكردەوە ئێستا كە زیاتر لە 200 هەزار عەرەب لە كوردستانن وداوای لە خەڵكی هەرێمی كوردستان كرد بەرێزەوە وەكو برا مامەڵەیان لەگەڵدا بكەن و گوتی: لەساڵی 1991 گەلی كورد بەڕەوشتێكی زۆر بەرزەوە لە كاتی ڕاپەڕیندا مامەڵەی لەگەڵ سەربازانی سوپای عێراقدا كرد كاتێك دوو فەیلەقی سوپای عێراقی تەسلیمی گەلی كوردستان بوون لە كاتێكدا ئەو سەربازانە كیمیابارانیان كردین وئەنفالیان كردین و دێهاتی ئێمەیان وێرانكرد بەڵام ڕەوشتی كورد ئەوەندە بەرز بوو كە بازیان لەسەر ئێشو ئازاری خۆیان دا و ڕێزیان لەو سەربازانە گرت، دەزانن چەند سەنگی كورد لەبەرچاوی هەموو دونیا گەورەتر بوو ؟ یەكێك لە حیكمەتە هەرە بەرزەكانی جەنابی بارزانیی نەمر ئەوە بوو كە نەیهێشت مەسەلەكە بگاتە ڕادەی شەڕی كورد و عەرەب و ڕێگەی نەدا یەك ڕۆژیش یەك بۆمب لەشارێكی عەرەبیدا بتەقێت، ڕێگەی نەدا یەك هاوەن لەسەر گوندێكی عەرەب بتەقێندرێت وهیچ ڕۆژێكیش هیچ دیلێكی عەرەب نەكوژرا و ئیهانەش نەكرا.




