٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لەسەر بودجەی حكومەتی ئیتاڵیا بنكەیەكی تەندروستی لە شاروچكەی عەینكاوە دروست دەكرێت

سەرچاوە: KDP.info

بە ئامادەبوونی فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوە و نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر و جیراڕدۆ گارانتێ باڵیوزی ئیتالیا لە عیراق و بەشار مەتتی وەردە مەترانی عەینكاوە و بەرپرسی نووسینگەی باڵیوزخانەی ئیتالیا لە هەرێمی كوردستان و ژمارەیەك لە بەرپرسانی حكومەتی هەرێم و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان ، بەردی بناغەی بنكەیەكی تەندروستی لە شاروچكەی عەینكاوە دانرا.
پرۆژەی دروستكردنی ئەم بنكەیە لە شاروچكەی عەینكاوە و لە سەر بودجەی حكومەتی ئیتالیا و كۆمسیۆنی باڵای ئاوارەكانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان ( UNHCR) ئەنجام دەدرێت و رصكخراوی قەندیل بە بڕی ( 000 700 ) هەزار دۆلاری ئەمریكی لە رووبەری ( 800 ) م  زەوی جێبەجێ دەكات .
سەرەتای  رێو رەسمی دانانی بەردی بناغەی ئەم پرۆژەیە ، خاتوو بوشرا هالیپۆتە بەرپرسی رێكخراوی پەنابەرانی سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكان ( UNHCR) لە هەرێمی كوردستان وتەیەكی پێش كەشی كرد و تێدا بەخێرهێنانی ئامادەبوویانی كرد و ئاماژە بە پرۆژەی ناوبراو دا و رایگەیاند كە كە ئەركی رێكخراوەكەیان دابینكردنی تەندروستی یە بۆ پەنابەران و ئاوارەكان و پێش كەش كردنی خزمەتگوزاریە سەرەكیەكان و ئەنجامدانی ئەم پرۆژەیەش یەكێكە لەو كارنەی كە رێكخراوی ( UNHCR)لە هەرێمی كوردستان جێبەجێ دەكات مەبەستی زیاتر خزمەتكردنی ئاوەرە و خەڵكی ئەم شاروچەكەیە.
هەروەها وتی: رێكخراوەكەمان ئەم بنكەیە پێش كەش بە وەزارەتی تەندروستی هەرێمی كوردستان دەكات بۆ ئەوەی ببێتە بەشێك لە سیستەمی تەندروستی میللی لە هەرێمی كوردستان و پێش كەش كردنی خزمەتگوزاری بۆ هاوڵاتیانی ناوچەكە و ئاوارەكان.
دواتر بەرێز جیراردۆ گارانتێ باڵیوزی ئیتالیا لە عیراق لە وتەیەكی دا سوپاسی حكومەتی هەرێمی كوردستان و بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی كرد بۆ ئەو هاوكاری و هەماهەنگییە بەردەوام لە گەل نووسینگەی باڵیوزخانەی ئیتالیا لە هەرێم.
هەروەها گوتی: لە دیداری پێشوتر لەگەل بەرێز مەعسود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئەوە پێی راگەیاند كە ئیتالیا نیازی كاركردنی هەیە لەم هەرێمی كوردستان چونكە هەرێم هەمیشە دەرگای واڵای كردووە بۆ ئاوارەكانی بەشەكانی دیكەی عیراق و بەتایبەتی ئاوارە مەسیحییەكان . لە بەشێكی دیكەی وتەكەیدا ئاماژە بەو هاوكاری و هەماهەنگیەی نێوان وڵاتەكەی و هەرێمی كوردستانی دا و رایگەیاند كە لە چەندین بوارەوە هاوكاری و هەماهەنگی هەبووە و بەتایبەتی لە بواری تەندروستی و حكومەتی ئیتالیا تا ئێستا چەند نەخۆشخانەیەكی لە هەولێر و دهۆك كردوتەوە و لە ئایندەدا بریار وایە لە پارێزگای سلێمانیش چەند پرۆژەیەكی وەها ئەنجامی بدات. 
پاشان فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوە هەر بەم بۆنەیەوە پەیڤێكی پێش كەشی كرد وتێدا بە خێرهێنانی باڵیوزی ئیتالیا لە عیراق و بەرپرسانی نەتەوە یەكگرتووەكان و ئامادەبووانی كرد ، هەروەها سوپاسی حكومەتی ئیتالیای كرد بۆ ئەنجامدانی ئەم پرۆژەیە وگوتی:  خۆشحاڵ بووم بە بەشداری كردنم لەو رێو رەسمە كە بە سەرپەرشتی (UNHCR) و حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەنجام دەدرێت كە لەلایەن حكومەتی ئیتاڵیاوە پارەدار دەكرێت. وەكو دەزانن كە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەرگای واڵایە بۆ هەموو ئەو كەسانەی كە لە وڵاتان و ناوچەكانی تر عێراق دێن و كوردستان هەڵدەبژێرن وەكو پەناگەیەك بۆ پاراستن و دابینكردنی ژیانێكی باشتر لە هەرێمی كوردستان.
ئێمە لە حكومەتی هەرێم بروامان بە بەیەكەوە ژیان هەیە بۆ هەموو كەسێك لە هەر نەتەوەیەك بێت، بۆ ئەو مەبەستە ئێمە هەوڵ دەدین بۆ فەراهەم كردنی ژیانێكی باشتر بۆ هەمووان. یەكێك لە سیاستی حكومەتی هەرێمی كوردستان گرنگی دانە بە بووژانەوەی هەرێم لەرووی (ئابووری و كۆمەڵایەتی و سیاسەت) لە رێگە وەبەرهێانەوە، بەڵام كەرتی تریش هەن كە مایەی گرنگی دانە ئەویش (خوێندن و فێركردنە) بۆیە داوا لە هەمووان دەكەم كە بێن وەبەرهێنان لەم بوارانەش بكەن.
لەكۆتایدا دەمەوێت دووبارە سوپاسی هەوڵ وماندووبوونی باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق بكەم بەتایبەتی و هەموو ئەو كەس و لایەنانە بكەم بەگشتی بۆ سەركەوتنی ئەو پرۆژەیە لە هەرێمی كوردستان، چونكە ئێمە پێویستمان بەو جۆرە پرۆژانە هەیە بەتایبەت لەكاتی هاتنی شاڵاوێكی زۆری پەنابەرانی سووری بۆ هەرێمی كوردستان كە پێویستیان بە پشتگیری گۆمەڵگای نێودەوڵەتی هەیە.
دووبارە سوپاس بۆ هەمووان.
دواتر لەلایەن فەلاح مستەفا بەپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوە و نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر و جیراڕدۆ گارانتێ باڵیوزی ئیتالیا لە عیراق و بەشار مەتتی وەردە مەترانی عەینكاوە وخاتوو بوشرا هالیپۆتن بەرپرسی رێكخراوی پەنابەرانی سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكان ( UNHCR) لە هەرێمی كوردستان، بەردی بناغەی بیناكردنی بنكەی تەندروستی لە شاروچكەی عەینكاوە دانرا.

هەواڵی پەیوەندیدار