گەرمیان: پێنج شەممەی داهاتوو لە مەراسیمێكی شایستەدا (158) روفاتی ئەنفالكراوەكان بەخاك دەسپێردرێت

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دووشهممه10/12/2012، سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان لە دیوانی ئیدارە كۆبونەوەیەكی لەگەڵ بەرێوەبەری سەرجەم بەرێوەبەرایەتییەكانی سنووری گەرمیان ئەنجامدا و لە كۆبونەوەكەدا باس لەو رێوشوێنانە كرا كە پێویستن بۆ هێنانەوەی روفاتەكان بگیرێنەبەر.
سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان، سەلاح كوێخا، لەسەرەتای كۆبوونەوەكەدا، ئاماژەی بەوەدا لە ماوەی رابردوودا توانراوە لەلایەن تیمە تایبەتەكانی وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانەوە ئەو روفاتانە بدۆزرێنەوە و پشكنینی (DNA) یان بۆ كراوە و رۆژی پێنجشەمە 13ی ئەم مانگەدا، لە مەراسیمێكی شایستە و شیاودا لەمەزاری پیرۆزی ئەنفال لە گوندی دێبنە بە ئامادەبوونی كەسوكاری ئەنفالكراوان بە خاك دەسپێردرێن.
سەلاح كوێخا، رایگەیاند: پێویستە سەرجەم فەرمانگە حكومییەكانی سنوورەكە بە ئەنجامگەیاندنی رێوڕەسمێكی شایستە هەوڵهكانیان بۆ سەركەوتنی كارەكانی ناشتنی روفاتەكان بەگەڕ بخەن.
هاوكات لە كۆبونەوەكەدا جەخت لەوەشكرایەوە، لە رۆژی هێنانەوەی روفاتەكاندا بەمەبەستی پێشوازیی لێكردنیان، قوتابیان و خوێندكارانی خوێندنگاكان و زانكۆ و پەیمانگەكان و فەرمانبەرانی فەرمانگە حكومییەكان، لەسەر شەقامەكانەوە شانبەشانی هاووڵاتیان ئامادە بن.
سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان، گوتی: ههر ئەمڕۆ بەمەبەستی تاوتوێكردنی ئەو پرسە، لەگەڵ بەرپرسی سەرجەم لایەنە سیاسییەكان لە سنوورەكە كۆبونەتەوە و لە كۆبوونەوەكەدا باس لە رێوشوێنە تایبەتەكان بۆ هێنانەوەی روفاتەكان كرا و جەخت لەوەشكرایەوە كە سەرجەم لایەنەكان بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئینتیمای سیاسی لەو رۆژەدا بۆ ئەنجامدانی مەراسیمەكە هاوكاربن.
سهلاح کوێخا، ههروهها گوتی: بەرپرسی لایەنە سیاسەكانی ناوچەكە بۆ هاوكاریكردنی كارەكانی ئیدارەی گەرمیان و بەسەركەوتوویی بەرێوەچونی كارەكانی مەراسیمەكە ئامادەیی تەواویان پیشانداوە.
ئێستا بەمەبەستی ئەنجامدانی مەراسیمی ناشتنی روفاتەكان وەزارەتی كاروباری شەهیدان ئەنفالكراوان و ئیدارەی گەرمیان بە پێكهێنانی چەند لیژنەیەك بۆ ئەرشیفكردنی رێورەسمەكە ئامادەكاریی تەواوی كردووە و دوو هێلی كۆپتەر كاری وێنە گرتن دەكەن.




