لە وەزارەتی خوێندنی باڵا چەند چالاكیەك سەبارەت بەتوندوتیژی دژ بەژنان بەڕێوەچوو

لە چوارچێوەی هەڵمەتی بەرنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بەژنان لە كوردستان، لە دیوانی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی چەند چالاكیەك بەڕێوەچوون.
لەسەرەتای ئەو ئەو چالاكیانەدا د.عەلی سەعید وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی وتارێكی پێشكەشكرد، لە وتارەكەیدا سەرەتا ئاماژەی بەهەڵمەتی بەرنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بەژنان كرد ووتی: لە 25ی مانگی ڕابردوو بەسەرپەرشتی و چاودێری نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و عیماد ئەحمەد جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم هەڵمەتی بەرنگاربوونەوەی توندتیژی دەستپێكرد لەماوەی ئەو (16) ڕۆژەدا وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی بەشدارییەكی كارایی كرد، بەو پێیەیی یەكێك لە وەزارەتە كارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ ئەوەش دەستخۆشی لە هەموو ئەو كەسانە كرد كە بەشداریان لە سەرخستنی كارەكانی بەڕێوەچوونی هەڵمەتەكە كرد، ئەوشی ڕاگەیاند: سبەی دوو شەممە كە هاوكاتە لەگەڵ ڕۆژی جیهانی مافەكانی مرۆڤ، پیرۆزبای لە ژنان و ئافرەتان دەكەم، بەو پێیەی ئەوان زۆرینەی كۆمەڵگە پێك دەهێنن.
لە بەشێكی دیكەی وتارەكەیدا د.عەلی سەعید ڕاگەیاند: حكومەتی هەرێمی كوردستان هەر لەسەرەتاوە گرنگی تایبەتی داوە بەمافەكانی ژنان و ئافرەتان، هەروەك پشتگیری ڕێكخراوەكانی ژنان و ئافرەتان و لاوانی كردوە، هەر ئەو بایەخپێدانەی حكومەتی هەرێم بووە، بۆتە هۆكاری ئەوەی كە ئێستا دۆخی ژنان لە كوردستان بەبەراورد بەوڵاتانی دراوسێ زۆر باشتر بێت، ئەوەشی ڕونكردەوە كە توندوتیژی و پیاوسالاری كە نەریتێكەو مێژووییەكی دورودرێژی هەیە، پێویستی بەهەوڵ و هیمەتی هەموو لایەكە بۆ ئەوەی بنەبڕ بكرێت.
وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی لە وتارەكەیدا بەگرنگیەوە ئاماژەی بەڕۆڵی گرنگی ژنان كرد لە بزاڤی رزگاری خوازی گەلی كورد كە شانبەشانی براو پیاو كەسوكاریان بەشدارییەكی كاریگەریان كرد لەسەرخستنی شۆڕش و بەدیهێنانی دەسكەوتەكان بۆ ئەمڕۆی خەڵكی كوردستان، وتیشی هەر ئەمەش وایكردوە كە حكومەت و دامەزراوەكانی دیكەی هەرێم چەندین دەسكەوت بۆ زیاتر دابینكردنی مافەكانی ژنان بەدیبهێنن، لەوانەش د.عەلی سەعید ئاماژەی كرد بەپێكهێنانی ئەنجومەنی باڵای خانمان و، هەمواركردنەوەی قانونی باری كەسێتی و، دەركردنی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی لەگەڵ كردنەوەی بەڕێوەبەرایەتی توندوتیژی دژ بەژنان لە شارەكانی كوردستان، ئەوە جگە لە كردنەوەی سەنتەرێكی تایبەت بەجێندەرو توندوتیژی لە زانكۆی سلێمانی بەهاریكاری زانكۆی بریستلی بەریتانی، ئەوەشی ڕاگەیاند، كە لەبەرنامەیاندایە هەمان سەنتەر لە زانكۆی سەڵاحەددین-یش بكەنەوە.
لە كۆتایی وتارەكەیدا وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی ووتی: دەبێت ژن و پیاو تەواوكەری یەكتر بن مافی وەك یەكیان هەبێت، هەروەك دەبێت ئەو زەمانەش بەسەر بچێت كە توندوتیژی بەرامبەر بەژنان بكرێت، هەروەك ئەوەشی بەبنەمایەكی تەندروست لەقەڵمدا بۆ ئەوەی ئەو دروشمەی هەڵمەتی بەرنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بەنان بەدیبێنین كە دەڵێت " لە ئاشتی ماڵەوە بۆ ئاشتی كۆمەڵگە".
لە بەشێكی دیكەی ئەو چالاكیانەدا د.بێریوان خەیلانی ڕاوێژكاری وەزیری خوێندنی باڵا، كە هاوكات سەرۆكی لێژنەی باڵای هەڵمەتی بەرنگاربونەوەی توندوتیژی دژ بەژنان لە وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی، كورتە باسێكی لەبارەی ستراتیژی نیشتمانی بۆ بەرنگاربونەوەی توندوتیژی دژ بەژنان لە كوردستان (2012-2016) خستەڕوو، لەو بوارەشدا بەچەند تەوەرێكی جیا هەموو لایەنەكانی ئەو پلانە ستراتیژییەی پێشكەش بەئامادەبووان كرد.
لە بەشێكی دیكەی ئەو چالاكیانەی كە بەبۆنەی ئەو هەڵمەتەوە لە وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی بەڕێوەچوو، فیلمێكی دێكۆمێنتاری لەبارەی توندوتیژی دژ بەژنان و ئافرەتان لە كوردستان نمایش كرا، بەئامانجی هۆشیاركردنەوەی زیاتری ئامادەبووان سەبارەت بەجۆری ئەو توندتیژیانەی كە بەرامبەر بەژنان دەكرێت.
هەر بەو بۆنەیەوەو لە سمینارێكدا، كە راوێژكاران و ژمارەیەك لەڕێوەبەرە گشتیەكانی دیوانی وەزارەت و فەرمانبەرانی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی ئامادەیبوون، د.بەیان قادر ڕەسول بابەتێكی بەناونیشانی (توندوتیژی خێزانی و كاریگەرییەكانی لەسەر ئاشتی كۆمەڵگەو تەندروستی گشتی و دەروونی تاك) پێشكەش كرد، لەویدا خاتوو بەیان باسی لە جۆرەكانی توندوتیژی (جەستەیی، سێكسی، دەرونی) كرد كە بەرامبەر بەژنان دەكرێت. لە كۆتایشدا م.محمد مهدی غفور بابەتێكی بەناونیشانی ( ڕۆڵی ئافرەت لە سەركردایەتی) پێشكەش كرد، سیمنارەكان بەگفتوگۆی ئامادەبووان و پێشكەشكەرانی سمینارەكان زیاتر دەوڵمەندكران و كۆتایان پێهات.




