نوێنەری حکومەتی هەرێم لە بەغدا: وڵات بە میزاجی کەسی بەڕێوە ناچێت و مالیکی ئاگای لە وردەکارییەکانی ناوچە دابڕێندراوەکان نییە

د. محه‌ممه‌د ئیحسان، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا سەبارەت بە لێدوانەکانی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەربارەی ناوچە دابڕێندراوەکان راگەیاند "ناوچه‌یه‌ك به‌ناوى ناوچە تێكه‌ڵەکان بوونی نییە. لە دەستووری عێراق ئەو ناوچانە بە ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان ناونراون و مالیکی ئەو زاراوە نوێیەی بۆخۆی دروست کردووە".
د. محه‌ممه‌د ئیحسان راشیگەیاند "مالیكى ده‌خوازێ ئه‌م ناوچانه وه‌كو بارمه‌ته بۆ بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن بكاربێنێت بۆ ئه‌وه‌ى خه‌ڵكى ئه‌م ناوچانه ده‌نگى پێ بده‌ن كه پێشتر ده‌نگییان پێ نه‌دابوو".
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا سەبارەت بە بانگەشەی بەرپابوونی شەڕ لەنێوان هەولێر و بەغدا گوتی "به‌كارهێنانى هێز نیشانه‌ى شكستى سیاسىیە. شەڕ لە بەرژەوەندی هیچ لایەکدا نییە و جگه له ده‌ستوور و ماده‌ى 140 هیچ چاره‌یه‌كى دیکەی بۆ ئەو ناوچانە نییە. هیچ شه‌ڕێكی باش و ئاشتییه‌كى خراپمان نییە. ئه‌گه‌ر لایه‌نێك بیر له شه‌ڕ بكاتەوە هیوادارین ئه‌م بژارده‌یه لاى خۆ نه‌هێلێ چونكه رژێمه‌كانى پێشوو ویستییان كێشه‌ى ئه‌م ناوچانه به شه‌ڕ چاره‌سه‌ربكه‌ن به‌ڵام سه‌ركه‌وتوو نه‌بوون".
د. محەممەد ئیحسان سەبارەت بەوەی مالیکی لە پەیجی تایبەتی خۆی لە فەیسبووک، کەرکووکی بە دڵی عێراق ناو بردبوو، گوتی "ئەوە رای تایبەتی خۆیەتی و وڵات بە رای تایبەتی و میزاجی کەسی بەرێوە ناچێت".
نوێنه‌رى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان لە بەغدا راشیگەیاند "ئه‌مرۆ كۆبوونه‌وه‌یه‌كى مادده‌ى 140 بەڕێوەچوو و داواكرا به ده‌ستوور و گفتۆگۆ كێشه‌ى ئه‌م ناوچانه چاره‌سه‌ربكرێن". هەروەها گوتیشی "بابه‌تى ئه‌م ناوچانه كارى سه‌رۆك وه‌زیران نییه چونكه ئه‌و ئاگاداری هه‌موو ورده‌كارییه‌كان نییە".




