٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەرۆكی شاندی پەرلەمانی ئەورووپا بۆ عێراق پشتگیری لە هەڵوێستەكانی (سەرۆك بارزانی) دەكات لە بارەی ڕەوشی عێراقەوە

سەرچاوە: KDP.info

سەرۆكی شاندی پەرلەمانی ئەورووپا بۆ عێراق (ستراون ستیڤنسن) لە بارەی بارودۆخی سیاسیی عێراقەوە، پەیامێكی ئاڕاستەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان (مەسعوود بارزانی) كرد و تێیدا پشتگیریی تەواوی خۆی و هاوڕێیانی لە بارەی ڕەوشی عێراقەوە پێ ڕاگەیاندووە. ئەمەیش دەقی نامەكەیە:

بەڕێز (سەرۆك بارزانی) تكایە ڕێگەم پێ بدەن پشتگیریی تەواوی خۆم و هاوڕێیانمتان پێ ڕابگەیەنم لەسەر بارودۆخی سیاسیی ئێستای عێراق، ئێمە هەروەها هاوبیرین لەگەڵ بەڕێزتاندا لەسەر مەساری سیاسی و ڕەوشی نازكی دیموكراسی لە عێراق. لەوانەیە جەنابتان منتان بینیبێت كە ئەو قسانە دەكەم لەسەر تەلەڤزیۆنی كوردستان تیڤی لە هەفتەی ڕابردوودا.

ئێوە بەردەوام نیگەرانیی خۆتان سەبارەت بە نەبوونی شەراكەت لە بڕیارداندا ڕاگەیاندووە، حەسركردنی دەستەڵاتەكان و كۆنتڕۆڵكردنی پۆستە گرنگەكان لە لایەن چەند كەسێكی كەم، بەكارهێنانی سەروەت و سامانی وڵات بۆ بەرژەوەندیی یەك كەس یان گرووپێك و هۆشداریتان داوە لەسەر گەڕانەوەی دكتاتۆرییەت لە عێراقدا.

راپۆرت و هەواڵ لەسەر پێشێلكردنی مافی مرۆڤی پەناهەندە و ئاوارەكان جێگەی نیگەرانییەكی زۆرن لە لایەن چاودێران و پەرلەمانی ئەورووپاوە، ئێمە لەو بڕوایەداین كە جیاكردنەوەی هەر سێ دەستەڵات و هەروەها بەشداریی هەموو هێزە سیاسییەكان لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا، مەرجن بۆ هاوكاریی باش لە نێوان یەكیەتیی ئەورووپا و عێراق.

ئێمە ئاگادارین كە هەموو هێزە نیشتمانی و سەربەخۆكان لە عێراقدا پشتگیریی هەڵوێستی ئێوە دەكەن و ئەوانیش نیگەرانن لەسەر بەرەو خراپ ڕۆییشتنی ڕەوشی سیاسی لە عێراقدا، هەروەها نەتەوە یەكگرتووەكان نیگەرانیی خۆی ڕاگەیاندووە لەسەر ئامادەنەبوونی حكوومەتی عێراق بۆ ڕێزگرتن لە ڕێككەوتنە سیاسییەكانی پێشوو و هۆشداری داوە كە ئەمە دەبێتە هۆی تێكچوونی دیموكراسی لە عێراقدا.

بێشك هەڵوێستی بوێرانە و مەسئولانەی جەنابتان ڕۆڵێكی كاریگەر دەبینێت بۆ مسۆگەركردنی دیموكراسی و ڕێگەگرتن لە گەڕانەوەی دیكتاتۆرییەت لە وڵاتی ئێوەدا. ئێمە لە پەرلەمانی ئەورووپا پشتگیریی تەواوی هەڵوێستەكانی مەسئولانە و بنیادنەرانەی بەڕێزتان دەكەین. بە هیوای چاوپێكەوتن لەگەڵتاندا لە برۆكسل.

(ستراون ستیڤنسن)
سەرۆكی شاندی پەرلەمانی ئەورووپا بۆ عێراق

هەواڵی پەیوەندیدار