٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەئامادەبوونى جێگرى سەرۆکى پەرلەمان پانێلێک بۆ کاراکردنى دەستەى سەربەخۆى مافى مرۆڤ لەهەرێمى کوردستان بەرێوەچوو

سەرچاوە: KDP.info

سەر لەبەیانى ئەمرۆ 9/12/2012 لەهۆڵى شەهید مامۆستا سەعد بە ئامادەبوونى جێگرى سەرۆکى پەرلەمان و ئەمیندارى گشتى ئەنجومەنى کاروبارى خانمان پانێلى کاراکردنى دەستەى سەربەخۆى مافى مرۆڤ لەهەرێمى کوردستان دەستى بە کارەکانى کرد کە لەلایەن ئۆفیسى مافى مرۆڤى سەر بەنەتەوە یەکگرتوەکان بە هاوکارى دەستەى سەربەخۆى مافى مرۆڤ و ئەنجومەنى باڵاى خانمان لەچوارچێوەى چالاکیەکانى بەرەنگاربونەوەى توندوتیژى دژ بە ژنان ئەنجام درا.
لەپانێلەکەدا ووتارى ئۆفیسى نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ مافى مرۆڤ پێشکەش کرا و تیایدا تیشک خرایە سەر ئامانجەکانى رێکخستنى ئەو دانیشتنە لەپێناو کاراکردنى دەستەى مافى مرۆڤ لەهەرێمى کوردستان کە هاوکاتە لەگەڵ ساڵیادى جاڕى گەردوونى مافى مرۆڤ و کارکردن بۆ ئەوەى دەستەى سەربەخۆى مافى مرۆڤ رۆڵى دیار و بەرچاوى خۆى لەبوارى مافى مرۆڤ و کەمکردنەوەى توندوتیژى ببینێ.
پاشان ووتارى پەرلەمانى کوردستان لەلایەن دکتۆر حسن محمد سوورە جێگرى سەرۆکى پەرلەمان پێشکەشکرا و وێراى خستنە رووى سەردێکى مێژووى لەبارەى چۆنیەتى مامەڵەکردنى رژێمى دیکتاتۆرى بەرامبەر بەمافەکانى گەلى کوردستان کە بەدڕندەترین شێوە و بە ئاگر و ئاسن بوو بەڵام مایەى شانازیە کەوا هەرگیز لەخەباتى چەکدارى دا گەلى کوردستان پەنای بۆ کارێک نەبرد مافەکانى مرۆڤى تیا پێشێل  بکرێ و  ئامانجەکانى خەباتى لەپێناو وەدى هێنانى دیموکراسیەت بوو بۆ هەموو عیراق و هەر لەو چوارچێوەیەش داواى مافەکانى گەلى کوردستانى دەکرد.
دواتر دکتۆر حسن محمد سوورە جێگرى سەرۆکى پەرلەمان ئەوەى خستە روو کە تەمەنى خولى ئێستاى پەرلەمان کەمتر لە نۆ مانگى ماوە کارەکانى تەواو بێ و  جێگاى شانازیە کە لەم خولە دا گفتوگۆ و راگۆرینەوە لەسەر هەموو مافەکان کراوە بوە، سەرەراى ئاستەنگەکانیش، بەڵام هەوڵى زۆر درا بۆ ئەوەى هاووڵاتیان لەسەر رێبازى دیموکراسیی و پرنسیپەکانى مافى مرۆڤ زیاتر بەهێز بکرێن، ئەویش بە بەشدارى پێکردنى هاووڵاتیان لەهەموو ئەو بابەتانەى  کەنیشتمانین و فراوانکردنى فەزاى ئازادیە گشتیەکان، بەمەش رێگەى چاکسازیمان گرتە بەر ، هەوڵیش دراوە تێڕوانینمان بۆ مافى مرۆڤ گشتگیر بێ و هەموو لایەنەکانى سیاسی و ئابورى و کۆمەڵایەتى و رۆشنبیرى بگرێتەوە .
ئەوەشی راگەیاند  بریارى پەرلەمانى کوردستانە کە سەرۆکى دەستەى مافى مرۆڤ لەم خولەى ئێستاى پەرلەمان لەکەسانى بێلایەن دابنرێ.
دواتر ووتارى وەزیرى داد لەلایەن تاڤگە عومەر بەرێوەبەرى گشتى یاسایى و پاراستنى مافى مرۆڤ پێشکەشکرا، و کۆتایى بە دانیشتنى یەکەم هات و بریار وایە لەدرێژەى کارەکانیدا پانێلەکە گفتوگۆ و راگۆرینەوە لەبارەى کاراکردنى دەستەى سەربەخۆى مافى مرۆڤ بکات و بەژمارەیەک راسپاردە کۆتایى بە کارەکانى بێنێت.
ئەمەش دەقى ووتارى جێگرى سەرۆکى پەرلەمانى کوردستانە:
بەناوى خواى گەورە و میهرەبان
میوانە بەرێزەکان
ئامادەبوان
خوشکان برایان
خۆشحاڵین لە مێزگردى کاراکردنى دەستەى سەربەخۆى مافى مرۆڤ لەهەرێمى کوردستان لەگەڵ ئێوەدا بەشدارین.
بەرێزان
بزاڤى رزگاریخوازى گەلى کوردستان بەدرێژایى مێژووى خۆى تاوەکو رۆژگارى راپەرین خەباتى لەپێناو وەدیهێنانى مافە رەواکانى کردوەو لەبەرامبەریشدا رژێمى دیکتاتۆرى هەمیشە بە ئاگر و ئاسن وەڵامى داخوازى و مافە رەواکانى داوەتەوە.
رژێمەکانى عیراق بەهەموو شێوەیەک هەوڵیان بۆ لەناوبردن و فەوتاندنى گەلى کوردستان دەدا، تاکار گەیشتە ئەوەى هەموو جۆرە تاوانێکیان دەرهەق بەو گەلە کرد، لەکوشتنى بەکۆمەڵ و ئەنفال و کیمیاباران  و چەندین تاوانى تر.

هەموو ئەمانە لەو کاتانە بوون کە حکومەتى عیراق بەڵێنى ئەوەی دا بوو کار بە لایحەى نێودەوڵەتى بۆ مافەکانى مرۆڤ  بکات .
مایەى شانازیمانە سەرەراى هەموو ئەو زوڵم و جەور و ستەمە نارەوا و نامرۆڤانەیەى دەرهەق بە گەلەکەمان کرا بەڵام هەرگیز لەخەباتدا پەنای بۆ کارێک نەبرد مافەکانى مرۆڤى تیا پێشێل  بکرێ،
هەمیشە ئامانجەکانى لەپێناو وەدى هێنانى دیموکراسیەت بوو بۆ هەموو عیراق و لەو چوارچێوەیەش داواى مافەکانى گەلى کوردستانى دەکرد.

ئەم قەناعەتە مێژووییە لەئەنجامى ململانێى فیکرى و کۆمەڵایەتى و سیاسی، کاریگەرى لەسەر ئاکارى تاک و کۆمەڵى گەلەکەمان جێهێشتوە، بەمەش ئەم راستیە دەسەلمێنێ کە هەر پرۆگرامێک لەسەر بنەمایەکى مێژوویى دانەمەزرێ، تەنها ووشە و نووسینى سەر کاغەز دەبێت.

بەرێزان
ئەم ووتارەمان هاوکاتە لەگەڵ ئەوەى کە کەمتر لە نۆ مانگى ماوە ئەم خولەى هەڵبژاردنى پەرلەمان کارەکانى تەواو بێ.
جێگاى شانازیمانە کە لەم خولە دا گفتوگۆ و راگۆرینەوە لەسەر هەموو مافەکان کراوە بوە، هەرچەندە ئاستەنگەکانیش زۆر و جۆراوجۆر بوون، بەڵام لەو بارەوە هەوڵى زۆر درا بۆ ئەوەى هاووڵاتیان لەسەر رێبازى دیموکراسیی و پرنسیپەکانى مافى مرۆڤ زیاتر بەهێز بکرێن، ئەویش بە بەشدارى پێکردنى هاووڵاتیان لەهەموو ئەو بابەتانەى  کەنیشتمانین و فراوانکردنى فەزاى ئازادیە گشتیەکان، بەمەش رێگەى چاکسازیمان گرتە بەر ، هەوڵیش دراوە تێڕوانینمان بۆ مافى مرۆڤ گشتگیر بێ و هەموو لایەنەکانى سیاسی و ئابورى و کۆمەڵایەتى و رۆشنبیرى بگرێتەوە .

هەوڵمان داوە کە سیاسەت و بەرنامەکانمان لەچوارچێوەیەک دابنێین کە مافى کۆمەڵ و تاکەکان پارێزراو بێت، وەک پرنسیپێکى ئەخلاقى و مێژوویى و پەروەردەیی، بەم شێوەیەش دەمانەوێ گەلەکەمان پێ بگەێنین،  کە هاووڵاتیان بەمافەکانیان هوشیار دەکرێنەوەو رێگاى یاساییان نیشان دەدرێ، کە رێگەیەکى خێرا و جیدى و چالاکە بۆ بەرگرى کردن لەمافى خۆیان لەلایەکى تریشەوە چاودێرى ووردى دەسەڵاتى جێبەجێ کردن دەکرێ بۆ ئەوەى رێز لەو مافانە بگرێ.

بێگومان دەستەى سەربەخۆى مافى مرۆڤ لەهەرێمى کوردستان خاوەنى بنەمایەکى راست و ویژدانى پیشەیی و نیشتمانى و خاوەن ئەزموونن کە بە ئازادى و دەست پاکى و لەهەموو گۆشەیەکەوە دەڕواننە هەموو فایلەکان، ئەمە ئەمانەتێکە لەئەستۆى ئەوان کە پاراستنى بیرو را و رێزى نیشتمانى دەچەسپێنێ.

بۆیە پێویستە ئەو دەستەیە لەئاست داواکارى هاووڵاتیان بێت و سکاڵایان وەربگرێت و لێیان بکۆڵێتەوە، بریارى پەرلەمانى کوردستانە کە سەرۆکى دەستەى مافى مرۆڤ لەم خولەى ئێستاى پەرلەمان لەکەسانى بێلایەن دابنرێ.

بزوتنەوەى مافەکانى مرۆڤ بەرەو پێشەوە هەنگاو دەنێ ئەمەش بەهۆى باوەر بوونمان بە مافەکانى مەدەنى و سیاسی و چاککردنى بارودۆخى زیندانیەکان و نەهێشتنى زیندانى سیاسی و جێبەجێ کردنى داواکاریەکانى خاوەن پێداویستیە تایبەتیەکان و بەهێزکردنى بارودۆخى ئافرەتان و نەهێشتنى توندوتیژى بەرامبەریان و فەراهەمکردنى مافى ئابورى و کۆمەڵایەتى و رۆشنبیرى و ژینگەیی کە لەبنەماکانى مافى مرۆڤن و لەهەموو ئەو بوارانە پەرلەمانى کوردستان بەدەرکردنى یاساى پێویست هەنگاوى ناوە.
پێویستە توانا و هێزمان لەگەڵ هەموولا لەشارستانیەت و رۆشنبیرى و رەوتەکانى تر یەک بێتەوە، بەتایبەتى ئەوانەى لەگەڵ پرنسیپەکان وسەروەریەکانمان دەگونجێ.

بێگومان کارکردن لەسەر مافى مرۆڤ و گرتنە دەستى ئەو ئەرکە پیرۆزە بەپێى رێککەوتنامە نێودەوڵەتیەکان و پرنسیپەکانى مافى مرۆڤ ئەرکێکى سەرەکى کارەکانى پەرلەمان و حکومەتى هەرێمى کوردستان و دامودەزگاکانى لەسەرەتاى دەست بەکاربونیان پێک هێنا و سەرەراى ئاستەنگەکانى بەردەم بەڵام هەمیشە جێگەى بایەخ بوەو لەم روەوە هەنگاو بە هەنگاو هەوڵ درا زیاتر سوود لەئەزموونى ووڵاتانى پێشکەوتوو وەربگیرێ و بەپێى پێوەرە نێودەوڵەتیەکان کار بکرێ، دەتوانم بڵێم تاگەیشتینە رۆژگارى ئەمرۆمان قۆناغى دیارمان بڕى و لەچەند کابینەیەکى حکومەتیشدا وەزارەتى مافى مرۆڤ بوونى هەبوو درێژەى بە کارەکانى دا.

بەرێزانم
کاراکردنى ئەو دەستەیە و کارکردن بە یاساکەى خۆى لەخۆى دا هەنگاوێکى ترە لەپێناو زیاتر چەسپاندن و بەرەو پێشبردنى رەوشی مافى مرۆڤ و پاراستنى بنەماکان و پێشخستنى لەهەرێمى کوردستان دا.

ئەو دەستەیە خاوەنى کەسایەتى مەعنەوى و سەربەخۆیى دارایى و ئیدارى خۆیەتى و راستەوخۆ بەپەرلەمانى کوردستانەوە پەیوەستە و  لەبەردەمى پەرلەمان دا بەرپرسە  بۆئەوەى لەگەڵ بڵاوکردنەوەى رۆشنبیرى مافەکانى مرۆڤ پارێزگارى لەمافەکانى مرۆڤ بکات و داکۆکیان لێ بکات، بۆ زامنکردنى پاراستن و پتەوکردنى رێزى مافى مرۆڤ و ئەو ئازادایانەى کە لەدەستور و یاسا بەرکار و جاڕنامەى جیهانى مافى مرۆڤ و هەردوو پەیمانى نێودەوڵەتى دا هاتوە، کارەکانى خۆى راپەرێنێ و  هاوکات راستیەکى حاشا هەڵنەگرە کە گەلى کوردستان لەعیراق دا رێگاى پێشکەوتنى بەجۆرێک هەڵبژاردووە کە مافى گشت هاووڵاتیانى کوردستان بەجیاوازى نەتەوەو ئاین و بۆچوونەوە زامن بکرێ.

لەکۆتاییدا هیوادارین دەستەى سەربەخۆى مافى مرۆڤ لەو ئاستەدا بێت کە کارى جیدى بکات بۆ کاراکردنى بریارەکانى قەرەبوکردنەوەى ماددى و مەعنەوى گەلى کوردستان و  حکومەتى عیراق بەفەرمى داواى لێبوردن لەگەلى کوردستان بکات بەرامبەر ئەو تاوانانەى دەرهەقى کراوە کارى زیاتر بکات بۆ  ناساندنى جینۆسایدى گەلى کوردستان لەسەر ئاستى نێودەوڵەتى، بۆئەوەى جارێکى تر گەلى کوردستان ئەم مێژووە نەبینێتەوەو بەرەو مافى چارەى خۆنووسین هەنگاو بنێ
دووبارە هیواى سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم هەربژین.

هەواڵی پەیوەندیدار