کەمپی دومیز لەتوانایدا نییە پەنابەرى زیاتر وەربگرێت

بەڕێوبەری کۆچ وکۆچبەرانی دھۆک دەڵێت، رۆژانە نزیکەی ٥٠٠ کوردی سوریا روو لە ھەرێمی کوردستان دەکەن و ژمارەی ئاوارەکانیش گەیشتۆتە نزیکەی ٤٢ ھەزار کەس، بۆیە لەکاتی ئێستادا شوێنی زیاتری پەنابەران لەکەمپی دۆمیز نابێتەوە.
بەڕێوبەری کۆچ وکۆچبەرانی دھۆک محەممەد حەمۆ رایگەیاند: رێژەی پەنابەران لەکەمپی دۆمیز گەیشتۆتە نزیکەی ٤٢ ھەزار کەس و ھاتنی پەنابەرانیش بۆ ھەرێمی کوردستان بەردەوامە و رۆژانە نزیکەی ٥٠٠ کەس روو لەھەرێمی کوردستان دەکەن، بۆیە لەئێستادا لەم کەمپە ناتوانین زیاتر پەنابەر وەربگرین چونکە شوێن نەماوەوپێویستە کەمپی دیکە بکرێتەوە.
گوتیشی: ئێمە حکومەتی ھەرێمی کوردستانمان ئاگادار کردۆتەوە، بەڵام تائێستا وەڵامی ئێمەیان نەداوەتەوە، چونکە لەم کەمپە شوێن نەماوە بۆئەوەی پەنابەری زیاتر وەربگرین، پێویستە کەمپێکی دیکە بۆ ئاوارەکان دورستبکرێ، تایبەت کە ئێستادا کە وەرزی سەرمایە .
سەبارەت بەوەی دەگوترێ کچانی ئەو کەمپە لەبەر خراپی رەوشی ژیانیان ھاوسەرگیری لەگەڵ گەنجانی کوردستان دەکەن بە مارەییەکی زۆر کەم،حەمۆ گوتی: ئەمە دورە لەراستی و تائێستا ھیچ حالەتێکی لەم شێوەیە نەکراوە، تەنھا حالەتێک نەبێ ئەوەش پێش ئێستا ئەفسەرێک پرۆسەی ھاوسەرگیری لەگەڵ کچێکی ئەم کەمپە پێکھێناوە ئەوەش بەرێگایەکی زۆر سروشتی ھەر چەندە ئێمە پێی دڵگران بووین و بووە جێگای ناڕەزایی ئێمە، بەڵام ئەگەر حاڵەتی ئاوا ھەبێت زۆر ئاساییە چونکە ئەوانیش وەکو ئیمە کوردن و ھیچ کێشەیەک نییە.




