هاووڵاتیانی باشور و ناوەڕاستی عێراق لەهەرێمی كوردستان ناویان تۆماردەكەن

بۆ دڵنیابوون لە هەبوون و راستی ناوەكانیان و تۆماركردنی ئەو كەسانەی ناویان تۆمارنەكراوە بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق، ئەو هاووڵاتیانەی لەناوچەكانی باشور و ناوەڕاستی عێراقەوە لە بە هەر هۆیەك بێت هاتوونەتە هەرێمی كوردستان و لێی نیشتەجێن دەتوانن ناوی خۆیان لێرە تۆمار بکەن. هەورەها بۆ کارئاسانی 43 بنكەی تۆماری دەنگدەران سەر بەكۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەكان لەهەرێمی كوردستان دەكرێتەوە.
عەلی قادر سەرۆكی دەستەی گشتی هەڵبژاردنەكان لە هەرێمی كوردستان تایبەت بۆ (kdp.info) گوتی" بۆ تۆماركردنی ئەو كەسانەی كە ناویان لەكۆمسیۆن تۆمار نەکراوەو بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق لە سەرتاسەری عێراق ژمارەیەك بنكەی تۆماری دەنگدەران دەكرێتەوە كە 43 بنكەیان لە سنوری هەرێمی كوردستانە،ئەمەش بۆ ئەو هاووڵاتیانەیە کە لەناوچەكانی باشور و ناوەڕاستی عێراقەوە هاتوونەتە هەرێمی كوردستان و لێرە نیشتەجێن.
گوتیشی" ئەو بنكانە هەم بۆ دڵنیابوونە لە هەبوون و راستی ناوەكانیان هەم بۆ تۆماركردنی ناوی ئەوكەسانەیە كە پێشووتر ناویان تۆمارنەكراوەو ئەو بنكانە بەیانی 9-12-2012 بەرووی هاووڵاتیان دەكرێنەوەو ئەمە بەهیچ شێوەیەك هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان ناگرێتەوە، چونكە ئەو هەڵبژاردنە هەرێمی كوردستان ناگرێتەوە.




