سەرۆکی جەهەپە سەردانی بەغدا دەکات

بانگهێشت نامەکەی سەرۆک وەزیری عێراق نووری مالێکی کە ماوەیەکە لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی تورکیا رەجەب تەییب ئەردۆغاندا نێوانیان نەماوە، لە لایەن سەرۆکی ( پارتی کۆماری گەلی) جەهەپە کەمال قڵێجدار ئوغلوویەوە وەڵامی ئەرێنی درایەوە.
سەرۆکی پارتی کۆماری گەل کەمال قڵیجدار ئوغڵوو لە کۆبوونەوەی خۆی لەگەڵ بەرپرسانی ئابووری و دارایی رۆژنامەکانی تورکیادا ئاماژەی بەوە کرد کە لە لایەن سەرۆک وەزیری عێراق نووری مالێکییەوە بانگهێشت نامەیەکی رەسمی بۆ سەردانی بەغدا پێگەیشتووە.
قڵێجدار ئوغڵوو هەر لەم کۆبوونەوەیەدا ئاماژەی بەوە کرد کە لە داهاتوویەکی نزیکدا سەردانی بەغدا دەکات و لە کاتی گەڕانەوەیش دەچێتە کەرکووک.
لە وەڵامی پرسێک سەبارەت بەم بانگهێشت نامەیەدا کەمال قڵیجدار ئوغڵوو رایگەیاند کە ئەمە یەکەمجار نییە کە سەرۆک وەزیری عێراق بانگهێشت نامەی ئاراستە کردووە بەڵام لە رابردوودا بە هۆی نالەبار بوونی بارودۆخەکە نەیتوانیوە سەردانی بەغدا بکات، بەڵام ئەمجارە سەردانی بەغدا دەکات و لە کاتی گەڕانەوەیش دەچێتە کەرکووک.
سەرچاوە. دونیا بوولتەنی




