لەمە بەداوە موچەی مانگانە بە توشبووانی نەخۆشی شەكر و ئایدز دەدرێت

دوای کۆششەکانی وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئەنجوومەنی وەزیران لەهەرێمی کوردستان رەزامەندی نیشانداوە لەسەر دابینكردنی مووچەی مانگانە بۆ تووشبووان بە نەخۆشییەكانی شەكر ەو ئایدز و ئەو كەسانەی پێویستیان بە چاندنی گورچیلە و جگەر هەیە، ئەم بڕیارە بەمەبەستی دابینكردنی پێداویستییە پزیشكییەكانی ئەو کەسانەیە کە پێویستیان بە هاوکارییە
د. خاڵس قادر وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ (kdp.info) لە لێودانێکدا رایگەیاند "بەمەبەستی هاوكاریكردنی زیاتری ئەو كەسانەی لە هەرێمی كوردستان توشی نەخۆشی شەكرە بوون و بەتایبەتی ئەوانەی تەمەنیان لە خوارووی 18 ساڵی دایە، هەروەها تووشبووان بە نەخۆشی ئایدز و ئەوكەسانەی پێویستیان بە چاندنی گورچیلەو جگەر هەیە، ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندی دەربڕیوە بۆ پێدانی مووچەیەكی مانگانە بەو کەسانە، دیارە ئەم بڕیارە لەسەر داوای وەزارەتی تەندروستی بوو".
گوتیشی "هۆكاری دابینكردنی مووچە بۆ ئەو چەند جۆرە نەخۆشانە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ئەو جۆرە نەخۆشیانە پێویستیان بە چاودێری بەردەوامی پزیشكی هەیە". وەکو دەزانرێت ئەمجۆرە بڕیارانە بۆ ئەوەیە پەیوەندییەكی بەردەوام لە نێوان لایەنی تەندروستی و ئەو کەسانە هەبێت کە تووشی ئەم جۆرە نەخۆشیانە بوون و لە ئایندەیەكی نزیك ئەو بڕیارە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.




