مالیكی" ئەگەر عێراق پارچە بكرێت ئەوا توركیایش پارچە دەكرێـت

سەرۆك وەزیری عێراق نووری مالیكی لە دیمانەیەكدا لەگەڵ رۆژنامەی حوریەتی توركیدا ئاماژەی بەوە كردووە كە سەرەتا عێراق زۆر هەوڵی دا پەیوەندییەكانی خۆی لەگەڵ توركیادا باش و بەهێزتر بكات بەڵام توركیا ئەم داواكارییەی عێراقی رەتكردووەتەوە و بە دەستوەردانی كردن لە نێو كاروباری ناوخۆیی عێراقدا ئەو پەیوەندییانەی ئاڵۆز كردووە.
مالیكی لە بەشێكی دیكەی ئەم دیمانەیەدا ئاماژەی بەوە كردووە كە هێشتاكە عێراق لە سەر داواكاری خۆی بۆ بەهێزتركردنی پەیوەندییەكانی لەگەڵ توركیادا سوورە و دەبێت لایەنی توركیش رەچاوی بارودۆخەكە بكەن و نابێت بە هیچ شێوەیەك دەستوەردانی لە كاروباری ناوخۆیی عێراق بكەن. ئەگەر بێت و توركیا لە سەر ئەم هەڵوێستەی خۆی بەردەوام بێت ئەوا عێراقیش دەتوانێت دەستوەردانی لە كاروباری ناوخۆیی توركیا بكات. بەڵام ئەم دەستوەردانییە دوولایەنە هیچ سوودێكی بۆ عێراق و توركیا نییە.
مالیكی ئاماژەی بەوە كردووە كە توركیا بە دەستوەردانیكردن لە كاروباری ناوخۆیی عێراق لایەنگری لە پارچە كردنی عێراق دەكات هەر بۆیە پێویستە باش بزانرێت كە ئەگەر رۆژێك هاتوو عێراق پارچە كرا ئەوا رۆژی دواتریش توركیا پارچە دەكرێت.
سەرچاوە. حوریەت




